دەمیرتاش رۆمانێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

کوردستان

15/05/2024‌ 1466 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئامادەکاریی دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆمانێکی نوێ لەمانگی حوزەیرانی داهاتودا.


دەمیرتاش کە لەتشرینی دوەمی 2016وە لەزیندانی ئەدیرنە بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆر دەستگیرکراوە، ناوی ئەو ڕۆمانەی یەکلایی نەکردۆتەوە کە بەشێوازێکی جیاواز لەڕۆمانەکانی پێشوی نوسیویەتی.

دەمیرتاش، پێشتر کتێبی کورتە چیرۆکی بەناونیشانی “سەحەر، دێڤران‌و باوک”و “لەیلان‌و ئەفسون” بڵاوکردبوەوە.

دۆسیەی بەرگریی لەخۆکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ ماوەی 9 ڕۆژ لەدۆسیەی ناڕەزایەتییەکانی کۆبانێ کە دوایین دۆسیەیە کە تێیدا دادگایی دەکرێت، لەکتێبێکدا بەناوی “دۆسیەی ژیانێکی ڕێزدارانە” کۆکراوەتەوەو بەشێوەی PDF پێشکەشکراوە.

لەماوەی ڕابردودا، ڕاپرسییەک کە لەلایەن دەزگای توێژینەوەی “ڕاوێست”ی تورکیاوە ئەنجامدرا، ئاشکرایکرد، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایەن دەنگدەرانی کوردەوە وەک خۆشەویستترین‌و متمانەپێکراوترین سەرکردەی کورد هەیە، دوای ئەویش سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو لەیلا زانای سەرکردەی دیاری باکوری کوردستان.

حکومەتی تورکیا ڕەتیدەکاتەوە وەڵامی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بداتەوە بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و چالاکانی سیاسیی دیکە کە لەدوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 دەستگیرکرابون.

بەپەلە