حەسەن نوری: ھەموو ئەوانەی بێڕێزییان بەرامبەر پزیشکەکەی سلێمانی کردبوو دەستگیرکران

کوردستان

06/04/2020‌ 1112 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ھەمو ئەوانەی بێڕێزیان بەرامبەر پزیشکەکەی سلێمانی کردبو دەستگیرکران" ده‌شڵێت،" پێویسته‌ وەزارەتی ناوخۆ دەکات رێ بەھاتوچۆی تەواوی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بدات"

لیوا حەسەن نوری بەمیدیای فەرمی یەكێتی وتووە، ھەموو ئەوانەی بێڕێزییان بەرامبەر پزیشکەکەی سلێمانی کردبوو دەستگیرکران و رووبەڕووی یاساو دادگا دەکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە،  بەناوی ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە داوای لێبووردن لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین.
بەوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، ئەو رووداوە نەخوازراوەی لەیەکێک لە خاڵەکانی پشکنین و چاودێریکردنی قەدەغەی ھاتوچۆ روویدا، رەفتارێکی ناشایستەی تاکەکەسی بووە و پێویستیشە لەسەر ھەموولایەک رێز لە ماندووبوون و شەونخونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بگرن کە لەسەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادان. 

هاوكات داواش لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات رێ بەھاتوچۆی تەواوی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بدرێت کە وەک سەربازی ون لە خەمی پاراستنی سەلامەتی ھەموولایەکدان.

لیوا حەسەن نوری  ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەچاوی رێزەوە لە رۆڵی ئازیزانمان لە کەرتی تەندروستی دەڕوانین و لەچەند رۆژی رابردووش ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی گوڵبارانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییان کرد و ئەم وێنە جوانە ھیچ کەسێکی نابەرپرس ناتوانێت بیشێوێنێت. تەئکیدیش دەکەینەوە لە یەکخستنی زیاتری ھەموو تواناکان بۆ جێبەجێکردنی رێنمایی و رێکارە تەندروستی و کارگێڕییەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی ھەموولایەک.