هەڵوێستی كوتلەی زورفی لەبارەی پشتیوانی كورد و سوننە بۆ كازمی

عیراق

09/04/2020‌ 2170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی هەڵوێستی خۆی لەبارەی راگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیری عێراق ئاشكراكرد.

لەو بارەیەوە نەدا شاكر سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر لەلێدوانێكدا وتی: سەرەرای پشتیوانیكردنی ئەو لایەنانە بۆ پاڵاوتنی كازمی، بەڵام هێشتا چانسی زورفی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی داهاتوو بەهێزە، لەبەر ئەوەی ناوبراو ئەوەندەی پشت بە دەنگی پەرلەمانتاران دەبەستێت ئەوەندە پشت بە سەرۆك و سەركردەی كوتلە سیاسییەكان نابەستێت.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی نەسر پێیوایە زورفی لەلایەن پەرلەمانتارانی كوتلە كوردی و سوننی و شیعییەكان كەسێكی قبووڵ كراوە، بەشێوەیەك ئەو پەرلەمانتارانە پشتیوانیكردنی خۆیان بۆ زورفی دەربڕیوە و رایانگەیاندووە لەكاتی دەنگدانی پەرلەمان لەبەرژەوەندی ئەو دەنگ دەدەن، لەبەر ئەوە ئەو هەڵوێستەی لایەنە كوردی و سونییەكان كاریگەری نابێت لەسەر تێپەڕاندنی كابینەكەی زورفی.

رۆژی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لەكاندیدكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، هەروەك داواشی كرد كە لایەنەكانی تر پشتیوانی كازمی بكەن.

هەروەك هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی پشتیوانی خۆی بۆ راسپاردنی مستەفا كازمی راگەیاند.

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەناوەڕاستی مانگی ئازار، عەدنان زورفی سەرۆكی فراكسیۆنی نەسر لە پەرلەمانی عێراق و پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیری داهاتووی عێراق راسپارد، كە ئەم راسپاردنە بووە هۆی ئەوەی بەشێك لە هێزە سیاسییە شیعییە دیارەكان بەرهەڵستی ئەو هەنگاوە بكەن و داوا بكەن كەسێكی تر بۆ ئەو پۆستە رابسپێردرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی