له‌ ساڵێكدا 66 كرێكار له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گیانیانله‌ده‌ستداوه‌

کوردستان

01/05/2020‌ 180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکی مانگی ئایاری هه‌موو ساڵێك وه‌ك ڕۆژی جیهانیی کرێکار دیاریکراوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری قوربانیانی كرێكارانی رۆژهه‌رَتی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند له‌ماوه‌ی ساڵێكدا 314 حاڵەتی پێشێلکاریی مافی کرێکاران لە کوردستاندا تۆمار کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو باسی له‌وه‌كردووه‌: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، واتە یەکی مانگی مەی ساڵی 2019  هەتا یەکی ئایار 2020ی زایینی، لانیکەم 66 کرێکاری کورد لە کاتی کارکردندا لە شارەکانی کوردستان تووشی ڕووداوی کار بوونە و گیانیان لەدەستداوە. یەکێکیان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە کە لە ئاماری بەشی مین ئاماژەی پێکراوە.

ئامارە تۆمارکراوەکان هەروەها پیشان دەدەن کە 21 کرێکار لە پارێزگای سنە، 29  کرێکار لە پارێزگای ئورمیە، 8 کرێکار لە ئیلام 8 کرێکار لە پارێزگای کرماشان لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها، 10 کرێکار و کۆڵبەر لەکاتی کار کردن بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

جێگای ئاماژەیە کە، 8 کەس لەو کرێکارانە لە هەرێمی کوردستانو بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.

کوژران و برینداربوونی 216  کۆڵبەر
لە یەکی مانگی ئایاری ساڵی 2019 هەتا یەکی ئایاری 2020ی زایینی، 62 کۆڵبەری کورد کوژراون و 154 کۆڵبەری دیکە بریندرا کراون.

ئامارەکانی هەنگاو دەری دەخەن کە زیاتر لە 84% لەو رووداوانە لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە.

‌چۆنێتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران
تەقەی راستەوخۆ: 182 کۆڵبەر (49 کوژراون و 133 بریندار) کە دەکاتە 84% کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوە سروشتییەکان: 24 کۆڵبەر (10 کوژراو و 14  بریندار) کە دەکاتە 11%ی کۆی حاڵەتەکان.

تەقینەوەی مین: 6 کۆڵبەر (1 کوژراو و 5 بریندار) کە دەکاتە 3% ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی هاتوچۆ: 4 کۆڵبەر (2 کوژراو و 2 بریندار) کە دەکاتە 2%ی کۆی حاڵەتەکان.

دەستبەسەر کران 15 چالاکی کرێکاری و سەپاندنی حوکم بە سەر 7 کەسدا

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 15  چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، 7 چالاکی کرێکاری لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سەرجەم حوکمی 4 ساڵ و 8 مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.