مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنوریه‌كانى هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

30/04/2024‌ 2256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەهۆی ئەندامێتیم لەلیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییکردنی پەرلەمانی عێراق، زوو زوو سەردانی بەندەرەکان‌و خاڵەسنورییەکانی عێراق دەکەم، بەو هەموو گەندەڵیەوە ڕێگه‌وبان‌و ژێرخانێكى تۆکمەیان بۆ دروستکراوە"، ده‌شڵێت:"بەڵام جێگه‌ی داخە مەرزو خاڵەسنورییەکانی کوردستان کە داهاتێکی زۆریان هەیە، ڕێگه‌وبان‌و ژێرخانیان نییە".


كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"کوردستان لەباربوو ببێتە ناوەندێکی گرنگی ترانزێتی وشکانی، بەڵام (ڕێگه‌ی گەشەپێدان) کە بەسرە بەتورکیاوە دەبەستێتەوە، گرنگی زۆربەی دەروازە سنوریەکانی هەرێم کەمدەکاتەوە".

ده‌شڵێت:"برواننە خاڵی سنوری پەروێزخان، سەرباری گرنگی‌و داهاتە زۆرەکەی، جادەکانی هەمان ئەو جادانەن، کە لەشەڕی عێراق‌و ئێران بۆ هاتوچۆی سەربازی‌و بەرەکانی جەنگ دروستکراون، لەسەر مەرزی پەروێزخان سەدان کۆڵکە ملیۆنێری دۆلارو دەیان ملیۆنێری قەبە هەڵتۆقین، کەچی نەتوانراوە جادەیەکی ڕێکوپێکی بۆ دروستبکرێ‌و ژێرخانی بۆ بونیادبنرێت".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ڕەنگە ئەو پرسیارەش بکەن ئەی ئێوە پەرلەمانتارن ئیشتان چییە؟ ئەمە پرسیارێکی ڕەوایە، بەڵام وەڵامەکەی لای حکومەتی هەرێمە نەک عێراق، چونکە ئێمە لەپەرلەمانی عێراقین، بەڵام درێغی ناکەین لەوەی لایەنی فشارو بەدواداچوون بین لەم کێشەیە".

باسى له‌ڕوداوه‌كه‌ى دوێنێش كردوه‌و نوسیویه‌تى:"ئەو ڕوداوە جەرگبڕەی دوێنێ کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی مردن‌و برینداربون، دەبێ ویژدان ڕابچڵەکێنێ‌و جادەی پەروێزخان کەلار چاکبکرێ‌و ئاوڕێک لەگوندەکانی ئەوبەری سیروانیش بدرێتەوە، کە هەمیشە قوربانی شەڕەکان‌و لانکەی شۆڕش‌و یەکەم ناوچەن بەر تەعریب‌و تەرحیل کەوتوە".