"بڕینی بەشە بوودجە بابەتێکی سیاسییە"
په‌رله‌مانتارێك: ھەرێم کارتی فشاری لەبەردەستدایە

عیراق

01/05/2020‌ 1738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس له‌وه‌ده‌كات بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدرالەوە بابەتێکی سیاسییە نەوەک یاسایی.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی وتووه‌: "بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدرالەوە بابەتێکی سیاسییە نەوەک یاسایی و ھەرێمی کوردستان کارتی فشاری لەبەردەستدایە، بۆیە دەبێت پەلە بکات لە بەکارھێنانی ئەو کارتانە، ئەگینا بارودۆخەکە لەدەست دەردەچێت".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "عێراق بۆ بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان پشت دەبەستێت بە یاسای ئیدارەی مالی نوێ و یاسای بوودجە، بەڵام بەپێی ئەم یاسایە عێراق بۆی نییە لەئێستادا بەشە بوودجەی ھەرێم ببڕێت، بۆیە ئەمە بابەتێکی سیاسییە چونکە لەئێستادا ھەڵوێستی لایەنە شیعیەکان بەھێز نییە و چەندین خۆپیشاندان لە ناوچە شیعە نشینەکان دروست بوون و لایەنەکانی شیعە دەیانەوێت کێشە بۆ کورد و هەروەها سوننەش دروست بکەن".

ئەندامه‌كه‌ی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی: "دەبوایە سەرۆکی ھەرێم یان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان بکردایە چونکە بەشە بوودجەی ھەرێم بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕدراوە و بەپێی ئەتیکێتی دیپلوماسی دەبوایە شاندەکە لەسەر ئاستێکی بەرزتر بوایە بەتایبەتیش بۆ بابەتێکی لەو جۆرە کە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، دەبوایە حکوومەتی ھەرێم جددیتر رەفتار بکات".

جمال کوچەر ده‌شڵێت: "ھەرێمی کوردستان کارتی فشاری لەبەردەستدایە بە تایبەت کارتی سیاسی کە ئێستا عێراق لە سەرووبەندی پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێدایە و دەبێت کورد بابەتی بوودجە بکات بە کارتێکی فشار بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراقدا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بابەتەکانی ئاو و کارەبا و غازی سروشتی وەک کارتی فشار لە بەرامبەر بەغدا سوودی لێ ببینێت، چونکە لەو بابەتانەدا عێراق پێویستی بە ھەرێمی کوردستان ھەیە".