ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌نجامدانی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت

کوردستان

01/05/2020‌ 1986 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی فشار ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بە پێویستی دەزانین كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خۆڕسكی جەماوەری سەرتاسەری لە هەمو شارو شارۆچكەكان بێتە ئاراوەو دور بێت لە دەستوەردانی حزب و لایەنە سیاسییەكان".

ئه‌مڕۆ هه‌ینی دڵشاد بابانی، په‌یامی ئه‌نجومه‌نی فشاری خوێنده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "ئێمە لە ئەنجومەنی فشار لە پەیوەندیداین لەگەڵ هەمو شارو شارۆچكەكان بۆ ئەنجامدانی ئەم ناڕەزایەتییە بەرفراوانەو داوا لە هەمو دڵسۆزان و دەستەو گروپەكان دەكەین پشتیوانی لە سەرخستنی ئەم ناڕەزایەتییە بكەن".

وتیشی "پێویستە خەڵكی بەهەمو چین و توێژەكانەوە ئەم ستەم و نادادییە قبوڵ نەكات و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئەنجام بدەن و لەهەمو شارو شارۆچكەكان بەبێ جیاوازی بڕژێنە سەر شەقامەكان لەو ساتەی بۆیان دیاری دەكرێت بەمەبەستی كۆتاییهێنان بەم گەندەڵی و ستەمەی هەیە".

به‌وته‌ی دڵشاد بابانی، ئه‌وان بەردەوامن لە داكۆكیكردن لە مافەكانی هاوڵاتیان لەم ساتەدا كە بە دۆخێكی ئابوری سەختدا تێدەپەڕن بەهۆی خراپی ئیدارەدان و بە تاڵانبردنی سەرخان و ژێرخانی ئەم هەرێمە، بۆیە بە پێویستی دەزانن كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خۆڕسكی جەماوەری سەرتاسەری لە هەمو شارو شارۆچكەكان بێتە ئاراوەو دور بێت لە دەستوەردانی حزب و لایەنە سیاسییەكان.

ڕ . ج