سۆران عومه‌ر: هۆڵه‌ندا به‌ گوڵ و مانگا 17 ملیۆن کەس دەژێنن ئەمانەش بەنەوت 5 ملیۆن لەبرسا دەکوژن

کوردستان

01/05/2020‌ 1777 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌نوسینێكدا ده‌ڵێت "لە یەکی ئایاردا پیرۆزبایی لە کرێکاران بکەی بەڵام موچەی چوار مانگیت لەمساڵدا خواردبێ".

سۆران عومه‌ر له‌نوسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "بەمە پێویستە ھەوڵ بدەین ناوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەکتێبی گینس تۆمار بکەین، بنوسرێ حکومەتێک لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دەگات بە یەکی ئایار ھێشتا موچەی لەمساڵدا دابەش نەکردووەو پیرۆزبایش لەکرێکاران دەکات".

باس له‌وه‌شده‌كات "هۆڵه‌ندا به‌ گوڵ و مانگا 17 ملیۆن کەس دەژێنن ئەمانەش بەنەوت 5 ملیۆن لەبرسا دەکوژن".

ده‌قی نوسینه‌كه‌ی سۆران عومه‌ر

حوکمڕانی دزو دڵسۆز چی بەرھەمدێنێ؟!

ھۆڵەندیەکان بەگوڵ و مانگا ١٧ ملیۆن کەس دەژێنن، ئەمانەش بەنەوت ٥ ملیۆن لەبرسا دەکوژن!

لە یەکی ئایاردا پیرۆزبایی لە کرێکاران بکەی بەڵام موچەی چوار مانگیت لەمساڵدا خواردبێ!
ڕوقایمی ئەوەیە لە ١/٥/٢٠٢٠ دا بی موچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ ت دابەشکردبێ!!

بەمە پێویستە ھەوڵ بدەین ناوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەکتێبی گینس تۆمار بکەین!
بنوسرێ حکومەتێک لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دەگات بە یەکی ئایار ھێشتا موچەی لەمساڵدا دابەش نەکردووەو پیرۆزبایش لەکرێکاران دەکات!

ئەم حکومەتە ئاوی بفرۆشتایە، ئەیتوانی لەوە زیاتر پەیدا بکات کە بەنەوت گوایە دەستی کەوتووە!

ئاخر ھۆڵەندیەکان بە مانگا و گوڵ ١٧ ملیۆن ئینسانیان گەیاندووە بە خۆشترین ژیان ، بەڵام حکومەتی ھەرێم بە نەوت میلەتێکی ٥ ملیۆنی کردوە بە دەرۆزەکەرو بەگاڵتەجاڕی عەرەب و تورک و فارس! جیاوازیەکەش تەنھا حوکمڕانی دزو دڵسۆز دروستی کردووە!
حوکمڕانانی ھەرێم تەریق نابنەوە؟ شەرم داتان ناگرێ؟ بۆ ھێندە ڕووقایمن دان بە شکست و دزیی حوکمڕانیتاندا ناھێنن؟