بەرپرسانی عێراق لەبەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمدا بەشدارن

کوردستان

03/05/2020‌ 1176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركەوت شەمسەددین پەرلەمانتاری كوتلەی ئایندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرپرسانی عێراق تۆمەتبار دەكات بەوەی لە دۆسییەی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەشدارن.

شەمسەددین لەبەیاننامەیەكدا وتی: بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ناكۆكییە نەوتییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندییەوە نادەستووریی و نایاساییە و هەڕەشە لە یەكێتی خاكی عێراق دەكات.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لەكاتێكدا هانی دەركردنی بڕیار و ڕێكاری یاسایی لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە دژ بە سەرۆكی هەرێم و ئەو وەزیرانە دەكەین، كە لە بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە تۆمەتبارن، لەهەمان كاتدا بەرپرسانی حكومەتی فیدڕاڵیش لەو دۆسیەی بەقاچاخبردنەی نەوتی هەرێمی كوردستان تێوەگلاون، كە ئەمە وایان لێدەكات بەشێك بن لەو بابەتە هەستیار و گرنگە.

پەڕلەمانتارەكەی كوتلەی ئایندە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هاوپەیمانی پارتە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان دژ بە رۆڵەكانی گەلی كوردستان و بڕینی بژێوییان لە ترسناكترین جۆرەكانی گەندەڵییە، كە رەنگە سەربكێشێ بۆ دۆخێك كەس خۆزگە بە ئاكامەكەی نەخوازێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی