پارتی سوورە لەسەر كاندیدكردنی فوئاد حوسێن

کوردستان

12/05/2020‌ 1169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بڕیارە پێش جەژن ئەو وەزارەتانەی ماون، كە حەوت وەزارەتن، سەرۆكوەزیران كاندیدی سەرجەمیان پێشكەش بكات و پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدات، كە وەزارەتی دەرەوە بەر پارتی دەكەوێت و كاندیدەكەشی فوئاد حوسێنە.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی دەشڵێت: بڕیارە پێش جەژنی رەمەزان و لە ماوەیەكی نزیكدا سەرۆكوەزیرانی تازە، مستەفا كازمی، ناوی كاندیدی ئەو حەوت وەزارەتانەی ماون، رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێن و كابینەی نوێ تەواو بكرێت.

سەبری وتیشی: لەو حەوت وەزارەتانە، وەزارەتی دەرەوە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت و كاندیدەكەشی یەكلا بووەتەوە، كە ئەویش فوئاد حوسێنە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگ لەسەر 15 وەزارەت درا و حەوت وەزارەتیش مابوون، كە ئەوانیش بڕیارە كاندیدەكانیان یەكلا بكرێنەوە و لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر بدرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، كە هەموو كوتلە سیاسییەكان لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كەسانی نوێ بۆ پۆستە وەزارییەكان دابنرێت، بەوپێیە ڕێگە نادرێت فوئاد حوسێن وەك وەزیری دەرەوە متمانەی پێبدرێت.

فەتلاوی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پێشوازی لێنەكراوە لەبەر ئەوەی ڕێكەوتن كراوە هەموو وەزیرەكانی كابینەكەی پێشوو بگۆڕدرێن و هیچ ناوێكی كۆن قبووڵ نەكرێت.

ئەو وتیشی: لەگەڵ ئەوەی هێشتا دانوستانەكان لەسەر پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان بەردەوامە، بەڵام كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە قبوڵ ناكرێت‌و دەنگی پێنادرێت، بەتایبەتی كوتلە شیعییەكان بەهیچ جۆرێك بەو كاندیدكردنە رازی نابن.

هـ ـ ح