عەلی حوسێن سەركردایەتی نوێی یەكێتی پێویستیان بەئەزموون بۆ شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی هەیە

کوردستان

13/05/2020‌ 1750 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی حسێن بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی ئەو حیزبەیە وەڵامی وتەكانی فەرید ئەسەسەرد لەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەداتەوە، ڕەتیدەكاتەوە هۆكاری كۆنەبوونەوەی پارتی و یەكێتی لەدواین جاردا پەیوەندی هەبووبێت بەلێدوانەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمەوە.

ئەو لەمیانی گفتوگۆیەك دەڵێت: هۆكاری كۆنەبوونەوەی پارتی و یەكێتی ئەوەیە سەركردایەتی یەكێتی نوێیە، ئەگەرنا هۆكاری تری جەوهەری نییە.

عەلی حوسێن دەشڵێت: سەركردایەتی نوێی یەكێتی پێویستیان بە ئەزموونی نوێ هەیە بۆ شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی، بێگومان سەركردایەتی نوێی یەكێتی لە سەرەتای "تەعریفی" خۆیاندان و بەرنامەی خۆیان بۆ ئەو خەڵكانە هەیە كە چەند ساڵێكە لەیەكێتی دابڕوان.

هەروەها دەڵێت: ئێمە حیزبێكی دیموكراتین ئاساییە لەناوخۆی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی بۆچوونی جیاوازمان هەبێت: بەڵام پارتی لەو حیزبە كوردییانەیە هیچ باڵ و ئاڕاستە و گروپێكی جیاوازمان نییە یەك "مەرجەع-مان" هەیە ئەیش (ماڵی بارزان) و (جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی-یە.

فەرید ئەسەسەرد پێشتر رایگەیاندبوو، كە ئەوان بەهۆی قسەكانی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەپشكی پارتی كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەو حیزبە دواخستووە، هەروەها رایگەیاندبوو، كە ئێستا پارتی بووە بەدوو باڵ.

هـ ـ ح