كێشەكانی بەردەم دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە

کوردستان

13/05/2020‌ 2826 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێماندەڵێن بۆ شتێك ناكەن بەغداد راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێ، بەڵام گرنگە بزانرێت هەتا وەزارەتی دارایی عێراق، لیستێكی پاك و دەقیقی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەبەردەستا نەبێ ناتوانێ راستەوخۆ بینێرێ، لە ۲٠۱٦ ەوە ئەو پێشنیارەمان بەفەرمی كردووە، نەبوونی ئەو لیستە گەورەترین بەربەستە.‬

ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت: ئایا بەجدی حكومەتی هەرێم هێندە بێتوانایە نەتوانێت لیستێكی موچەی رێكوپێكی هەبێ؟ یان بۆچی فەرمانبەر و خانەنشینی جیانەكردووەتەوە و تێكەڵاون.

لەو بارەوە دەڵێت: گەیشتوومە ئەو قەناعەتەی دەسەڵات لە هەرێمدا بە ئەنقەست وایكردووە تا چارەسەری موچە سەخت و ئاڵۆز بێ و بەردەوامیش وەك كارتی سیاسی دژی خەڵك بەكاری بهێنێ.

هەروەها دەڵێت:‬ ‫ساڵی ۲٠۱٦ پێشنیارم كرد با حكومەتی هەرێم بارە گرانەكەی كێشەی موچە لەكۆڵ خۆی بكاتەوە و هەموی وەك گومرگ و پاسەوانی سنور بخاتە سەر بەغداد،وەك تاوانم كردبێت دەیان تۆمەت و قسەی نەشیاویان دایە پاڵم.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كردووە، بەرپرسانی هەرێم ‫پێیان وایە هەموو حوكمڕانی و حكومەتەكەیان بەندە بەوەی خۆیان موچە دابەشبكەن و پێشیان ناكرێ‌و ئەوەش دەڵێت: ‫جا با ڕون بێ ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێرەن ناهێڵن چارەی ریشەیی موچە بكرێ.چونكە پێیان وایە موچە بەدەستی ئەوان نەبێ خەڵك حسابیان بۆ ناكا،بۆیە هەر پێشنیارێكیان بۆ دەكەی لەبری گوێگرتن تۆمەتت دەدەنە پاڵ گوایە دەمانەوێ هەرێم لاواز بكەین.‬

ئەمە لەكاتێكدایە، باس لەوە دەكرێت پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق خۆی راستەوخۆ لەلایەن بانقەكانەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات، كە ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هـ ـ ح