بەغدا داواى زیاترى داهات دەکات..هەرێم نەوت و لە ٥٠%ى داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا دەکات

عیراق

13/05/2020‌ 2080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا نەوت و بەشێک لە داهاتى ناوخۆى هەرێم دەداتە حکومەتى عێراق.

بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکی ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەستیکەوتووە حکومەتى هەرێم رەزامەندى نیشانداوە کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات و لە ٥٠%ی داهاتى ناوخۆش رادەستى حکومەتى عێراق دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد، شاندى هەرێم لە بەغدا ئەو پێشنیازەیان خستووەتە بەردەم حکومەتى عێراق بۆ ئەوەى بودجەى هەرێم بکرێت و لە داهاتووشدا جارێکى شاندێکی هەرێم دووبارە سەردانى بەغدا دەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشنیازانە.

هاوکات بەپێی زانیارییەکان حکومەتى عێراق داواى لە ٧٥% بۆ ٨٠%ی داهاتى ناوخۆى هەرێمى کردووە لەگەڵ داهاتى گومرگ و فڕۆکەخانەکان.

هەرچی پەیوەستە بەدۆسییەی نەوتەوە، كە بەپێی داتاكان هەرێم رۆژانە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە دەكات، لەچوارچێوەی دانوستانەكانی ئەمدواییەدا ئامادەییان دەربڕیوە، كە لەو ژمارەیە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگای كۆمپانیای نیشتیمانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردە بكەن و نیوەی داهاتە ناوخۆییەكانیش بدەنەوە بە بەغدا ، لەبەرانبەردا بەغدا ١٢٪ بودجەی گشتی فیدراڵی رەوانەی هەرێم بكات.

 

پێشتر شارپرێس بڵاوکردەوە کە، كە ئێستا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق‌و ئەنجوومەنی وەزیران‌و تەنانەت لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش تاوتوێی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دەكەن.


لەلایەکى ترەوە هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێماندەڵێن بۆ شتێك ناكەن بەغداد راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێ، بەڵام گرنگە بزانرێت هەتا وەزارەتی دارایی عێراق، لیستێكی پاك و دەقیقی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەبەردەستا نەبێ ناتوانێ راستەوخۆ بینێرێ، لە ۲٠۱٦ ەوە ئەو پێشنیارەمان بەفەرمی كردووە، نەبوونی ئەو لیستە گەورەترین بەربەستە.‬

ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت: ئایا بەجدی حكومەتی هەرێم هێندە بێتوانایە نەتوانێت لیستێكی موچەی رێكوپێكی هەبێ؟ یان بۆچی فەرمانبەر و خانەنشینی جیانەكردووەتەوە و تێكەڵاون،گەیشتوومە ئەو قەناعەتەی دەسەڵات لە هەرێمدا بە ئەنقەست وایكردووە تا چارەسەری موچە سەخت و ئاڵۆز بێ و بەردەوامیش وەك كارتی سیاسی دژی خەڵك بەكاری بهێنێ.


لەماوەى مانگى رابردوەوە تا ئێستا هەرێمى کوردستان چوار شاندى رەوانەى بەغدا کردوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێم و بەغدا بەتایبەت پرسى بودجەو مووچەى فەرمانبەران، بەلام تائێستا حکومەتى عێراق رەزامەندى دەرنەبرێوە بۆ رەوانەکردنى مووچە.

س.هـ