جەمسەرگیرییەكی چاوەڕواننەكراو لەگۆڕەپانی سیاسی توركیادا

ڕاپۆرت

14/05/2020‌ 1814 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "ئۆراسیا دەیلی" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی دروستبوونی ئالۆزی سیاسی لە توركیا بەهۆی قەیرانی كۆرۆنا و پاشەكشەی جەماوەری ئەردۆغان و هاوپەیمانەكەی لە حكومەتدا، كە هەڕەشە لەرژێمی سیاسی ئەو وڵاتە دەكات.

بەپێی راپۆرتەكە، لەم دوو هەفتەیەی دواییدا هەست بە ئالۆزبونی سیاسەتی ناوخۆی توركیا دەكرێت و چوارچێوەی رووبەرووبوونەوەی رۆتینی جارانی تێپەڕاندووە، لەسەر بنەمای "حكومەت دژی بەرهەڵستكار".

شرۆڤەكاری سیاسی توركی "سیركان دیمیرتاش" لە رۆژنامەی حوریەتی رۆژانە لە ١١ی مایۆ نووسیویەتی: توركیا هیچ كاتێك خاڵی نەبووە لە ئاڵۆزیی سیاسی ناوخۆیی، بەڵام دۆخی ئێستا زۆر جیاوازە لە ئەزموونەكانی پێشوومان. 

هەروەها نووسیویەتی: یەكێك لە پایەكانی جەمسەر بەندی هەڵكشاو حیزبی دادو گەشەپێدانی حاكم و هاوپەیمانەكەی حیزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی و لەپایەیەكی تردا حیزبی گەلی كۆماری بەرهەلستكارە، ئاڵۆزییەكی زۆر بە روونی دیارە لە لێدوانی سەركردەی ئەم سێ حیزبە سیاسییەدا.

هەندێك لەتوێژەران، ئاڵۆزییە سیاسییەكەی ئەو وڵاتە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو كورتهێنانەی هەرەشە لە ئابووری توركیا دەكات و دەڵێن: كاریگەری ئەو پاشەكشە ئابوورییە ترسێنەرەو لێكەوتەی دوور مەودای لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی توركیا دەبێت، واشی دەبینن ئێستا حكومەت دەیەوێت بەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا زاڵ بێت. 

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكرێت فشارێكی توند لەسەر پارتی گەلی كۆماری و رێكخراوە گشتییەكان ئەوانەی عەقلیەتی بەرهەڵستكارییان هەیە، سەرەرای دام و دەزگاكانی راگەیاندن دروست كراوە، بۆ ئەوەی هاوكاری حكومەت بكرێت تا فۆكەس  بخەنە سەر كێشە ئابوورییەكان.

دیمیرتاش باس لەوە دەكات، كەچی دەسەڵاتداران و بەرهەڵستكارانیش شتێكی بچووكیان بیرچووە، ئەویش ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە بە شێوەیەكی زۆر درێژ تر لەوەی پێشبینی دەكرێت لە ژیانمان بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوە، پێویستە گفتوگۆ سیاسییەكان بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتاكەدا بێت لە چوارچێوەی دەستپێوەگرتنێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا و تەنیا ئەمە بە پێویست بزانرێت لەم كاتەدا بۆ خەڵكی توركیا.

هاوكات بەگوێرەی راپرسییەك، كە لەم دواییانەدا ئەنجام دراوە (لە ٢٥ بۆ ٢٧ی نیسان لە ١٢ هەرێمی ئەو وڵاتەدا)، پشتیوانی كردنی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەكەی لەناو دەنگدەراندا دابەزیوە بۆ خوار ٥٠%، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەتییەكە توانای پێكهێنانی حكومەتی نییە. 

لە هەمان كاتدا، ٥٦.٨% ی ئەوانەی بۆچونیان وەرگیراوە سیستەمی دەسەڵاتی پەرلەمانی بەباشتر دەزانن لە سیستەمی ئێستای سەرۆكایەتی.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا