لاهور شێخ جەنگی: یەکێتی خەریکی خۆ رێکخستنەوەیەو رێگایەکی سەختمان لەبەردەمە

کوردستان

19/05/2020‌ 973 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ سەردانی هەردوو ئارامگەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفای كرد.

هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە كاتی سەردانەكەی بۆ ئارامگەی سەرۆك پەیامێكی بۆ نووسی.

لەپەیامەكەیدا نوسیویەتی،"مامە گیان سڵاوت لێبێت ئەمڕۆ لەگەڵ هەندێك لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی هاتین بۆ خزمەت جەنابتان، دیارە پێش ئەوەی بێین بۆ لای جەنابت سەردانی مەزاری كاك نەوشیروانمان كرد.

هەروەها جەختی لەوەكردووەتەوە،"دەمەوێت دڵنیابیت كە یەكێتییەكەت لە ئێستادا خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە وە هەموومان رێبازەكەی جەنابتمان گرتۆتەبەر لە پێناو خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی نوسیوە، ئاسان نابێت، رێگایەكی سەختمان لەبەردەمە، بەڵام جەنابت وات فێركردوین كە هەرگیز لەبەرپرسیاریەتی نەترسین و شان بدەینە بەر ئەركی قورس، ئێمەش هەر وامان كردووە.

لەكۆتایشدا دەڵێت، بەڵێنت پێدەدەم كە بەردەوام بین لە خەبات بۆ وەدیهێنانی هەموو ئاواتەكانت لە پێناو ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتی كۆمەڵاتی خەڵكی كوردستان.