بەغدا لەیەكلاییكردنەوەی دۆسییەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم جیدی نییە

کوردستان

24/05/2020‌ 1439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەركەوت شەمسەددین پەرلەمانتاری كوتلەی ئایندە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: هەردوو حكومەتی ناوەند و حكوومەتی هەرێمی كوردستان جیدیی نەبوون لە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەیی دارایی نێوانیان، جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی هەردوولایەن خواستی ئەوەیان هەیە دۆخەكە بەو جۆرەی ئێستا و بێچارەسەركردن بمێنێتەوە.

شەمسەددین لەبەیاننامەیەكدا دەشڵێت: عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری دارایی نووسراوێكی ئاڕاستەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی دارایی هەرێم و لە بڕگەی دووەمدا هاتووە ، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی  بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم هەژماری داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم دەكەن و وردبینی تێدا دەكەن، كە بە قسەی شەمسەددین ئەو بڕگەیە ڕێگە بە حكومەتی هەرێم دەدات هاوشێوەی پێشوو بەردەوام بێت لە قۆرتوقولاپەكانی و رەتكردنەوەی رادەستكردنی داهاتی فرۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان بۆ ناوەند .

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، كاری ئەو لیژنانە پێشوەختە لای هەموو كەس زانراوە، كە لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەكانەوە دەجوڵێنرێن، ڕێكەوتنەكانیشیان تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەز دەبێت، لەكاتێكدا ئەوەی لەپشتی پەردەوە روودەدات ڕێگەدانە بە هەرزەكارانی حكومەتی هەرێم مامەڵە بە چارەنووسی گەل و سامانەكەیەوە بكەن، لەو نێوەندەشدا تەنیا فەرمانبەران، كە بڕینی موچەكانیان لەسەرە زیانمەند دەبن.

پەرلەمانتارەكەی كوتلەی ئایندە داوای كردووە لەمەودوا لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لەكۆبوونەوەكاندا بەشدار بن و چاودێری جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكان بكەن تا لەوڕێگایەوە رێگا لە حكومەتی هەرێم بگرن هەموو جارێك كێشەیەك لەگەڵ حكومەتی ناوەند دروست نەكات و داهاتە نانەوتییەكانیش بۆ ناوەند بگەڕێتەوە تا لەوڕێگایەوە دۆخی دارایی وڵات بەگشتی باشتر ببێت لەجیاتی ئەوەی ئەو پارەیە لەسەر حسابی بەرپرسانی هەرێم لە بانكە نێودەوڵەتییەكاندا دابنرێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی