پارتى: سازان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی لە ریزبەندی یەکەمی کارەکانمان دەبن

کوردستان

26/05/2020‌ 1084 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەکتەبى سیاسى پارتى جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەى کە بەدیھێنانی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی بگرینەبەر و سازان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی لە ریزبەندی یەکەمی کارەکانیان بن.

 مەکتبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لەپەیامێکدا بۆنەى "شۆڕش"ی گوڵانەوە پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو رایگەیاند"سۆز دووبارە دەکەینەوە لە پێناو رووبەڕوبوونەوەی تەحەدییاتەکان و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئێستا، کە لەلایەک پەتای کۆڕۆنا و لەلایەکی دیکە  قەیرانی سیاسی و ئابووری لەئاستی جیھان بەگشتی و عێراق و کوردستان بەتایبەتی لە پەرەسەندندان و، تێپەڕاندنیان بە کەمترین زیان، لە ئاستی بەرپرسیاریەتی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانی سەرشانمان بین و رێگای چارەسەری کێشەکان ھەڵبژێرین و رێگا لە کەڵەکەبوونی زیاتری کێشەکان بگرین".

مەکتەبى سیاسى پارتى جەختیکردوتەوە لەسەر ئەوەى کە بەدیھێنانی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی بگرینەبەر و سازان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی لە ریزبەندی یەکەمی کارەکانیان بن.

هەروەها پارتى داواشى لە ھەموو لایەنە سیاسیەکان لە ئاستی عێراق و کوردستان کردوە کە لاپەڕەیەکی تازە ھەڵدەنەوە و تەواوی تواناکانیان سەرفی بەدیھێنانی خۆش ژیانی ھاوڵاتیان بکەن و بەکردار و پەرچەکردار کات بەفیڕۆنەدرێ و لەئاستی ئەو پشتیوانی و متمانەیە دابن کە ھاوڵاتیان بە حزبەکانیانیان بەخشیوە.

هەر لەراگەیەنراوکەشدا هاتووە" لایەنە کوردستانیەکان پێکڕا بەردەوامبین لە پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەزموون و دەستکەوتەکان پەرەپێبدەین، ھەروەھا لێبوردەیی و پێکەوەژیانی سەردەمیانەی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی و یەکترقبوڵکردن بە جیاوازیەکانیشمانەوە بکەینە رێچکە و کولتوری ژیانی کۆمەڵگەکەمان و ئیدارەدانی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی.".

س.هـ

بەپەلە