بەغدا بۆ هەرێم: دۆسیەى نەوت لای کێیە ئەو بێت بۆ گفتوگۆو رێککەوتن

عیراق

28/05/2020‌ 3570 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانى حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمى کوردستانى راگەیاندوە دەسەڵاتى دۆسییەى نەوت لای کێیە ئەوان بێن بۆ گفتوگۆو چارەسەری کێشەکان.

لەماوەى رابردوو چەند جارێک شاندى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى پرسى مووچەو بودجەى هەرێم سەردانى بەغدایان کرد، بەڵام ئەو شاندەى چوونە بەغدا بەرپرسى یەکەم نەبوون لە دۆسییە سەرەکییەکانى وەک نەوت و گومرگەکان کە ئەو دۆسیانەش لاى پارتى دیموکراتى کوردستان و بەدیاریکراویش سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتن.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکى بەرپرس لەبەغدا بەشارپرێسى راگەیاند، هەریەکە لە مستەفا کازمى بەرپرسانى ترى بەغدا بە شاندى هەرێمیان راگەیاندوە، پێویستە لە سەردانى داهاتوودا مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت سەردانى بەغدا بکات، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە دۆسییەى نەوت لاى پارتییەو ئەوانەى سەردانیان کردوە بەرپرس نیین لەو دۆسییە.

هەروەها بە وتەى سەرچاوەکەى شارپرێس بەرپرسانى بەغدا باسیان لەوە کردوە، ئەوانەى سەردانی بەغدایان کردوە لە رابردوودا دەسەڵاتى بریاردانیان نەبووەو هەموو جۆرێک بۆ وردەکارییەکان و بریاری کۆتایی دەگەرێنەوە بۆ لاى مەسرور بارزانى.

ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردوە، کە بەرپرسانى بەغدا داوایان لە شاندەکە کردوە کە بەبێ ئامادەبوونى سەرۆکى حکومەت پێویست نییە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، چونکە ئەو کێشانە پێویستیان بەلایەنى بڕیاردەر هەیەو ناکرێت هەموو جارێ شاندەکە بۆ وردەکارییەکى بچوک بگەڕێنەوە بۆ سەرۆکى حکومەتى هەرێم.

بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکى هەرێم سەردانى بەغدا بکاتەوە، بەڵام تائێستا روون نییە کە سەرۆکى حکومەتى هەرێم سەرۆکایەتى شاندەکە دەکات و دەچێتە بەغدا یان نا.

 

هەروەها سەرچاوەکە وتیشى" سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت ئەگەر مەبەستیان رادەستکردنى نەوت و رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا پێویستە خۆیان سەرۆکایەتى شاندەکان بکەن، چونکە لاى بەغداش و لە ناوخۆی هەرێمیش ئەوە روون و ئاشکرایە کە دەسەڵاتى یەکەمى بڕیاردان لە دۆسییەى نەوت لاى پارتییە".

باس لەوەش دەکات، ناکرێت وەزیرەکان بچن لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار کۆببنەوە کە ئەمە لە رووى پڕۆتۆکۆلیشەوە کارێکى گونجاو نییە، بەڵکو پێویستە سەرۆکى حکومەت یان سەرۆکى هەرێم سەرۆکایەتى ئەو شاندانە بکەن، بۆ وردەکارییەکانیش وەزیرەکان و پسپۆڕەکانى تر لەگەڵ وەزیرو لایەنە پەیوەندیدارەکانى بەغدا دانیشن".

لە هەرێمى کوردستان بەردەوام پەنجەى تۆمەت بۆ پارتى رادەکێشرێت کە دۆسییەى نەوت و گومرگ و سەرچاوەکانى داهات لاى ئەوەو بەرپرسانى ئەو حزبە لە حکومەتدا ئاگادارى وردەکاری و گرێبەستییە نەوتییەکانن، بۆیە ئەوانیش بڕیاردەری کۆتایین لەو پرسانە.

هەرچەندە جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزیرى دارایی و وەزیرى پلاندانان کە لە پشکى یەکێتى و گۆڕانن ئەندامن لە ئەنجومەنى باڵای نەوت و گاز لە هەرێمى کوردستان.
س.هـ

بەپەلە