روسیاو سعودییە لەبارەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتوونەتە ڕێكەوتنێكی سەرەتایی

ئابوری

04/06/2020‌ 771 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی سەرچاوەكانی ناو رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت "ئۆپیك +" ، سعودییە و روسیا، كە پێشەنگایەتی وڵاتانی ناو رێكخراوەكە دەكەن، بەشێوەیەكی سەرەتایی لەسەر درێژكردنەوەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەو ئاستەی ئێستا (9.7 ملین بەرمیل رۆژانە) بۆماوەی مانگێكی تر ڕێككەوتوون.

یەكێك لەو سەرچاوانە بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، كۆبوونەوەی ئۆپیك، كە وابڕیارە لە 4 ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت مەرجی ئەوەی داناوە، كە دەبێت ئەو وڵاتانەی لەمانگی ئایار پابەندی ڕێكەوتنەكە نەبوون بۆ مانگی حوزەیران پابەندی تەواوی رێكەوتنەكە بن.

سەرچاوەیەكی تر لەناو رێكخراوی "ئۆپیك+"، باسی لەوە كردووە، كە وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوەكە گفتوگۆ لەبارەی دوو بژاردەوە دەكەن، كە یەكەمیان درێژكردنەوەی كەمكردنەوەیە بەو ئاستەی ئێستا تا مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ بەومەرجەی لەمانگی ئابدا چاوی پێدابخشێنرێتەوە، هەرچی بژاردەی دووەمە، كە ئەوەیان خواستی زۆرینەی وڵاتانی بەشدارە ئەوەیە كەمكردنەوەكە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.

لەمانگی نیسانی رابردوو وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپیك + لەسەر ئەوە ریككەوتن، كە بۆ مانگەكانی ئایار و تەمووزی ٢٠٢٠ بەرهەمهێنانی نەوتی خاو رۆژانە بەڕێژەی 9.7 ملیۆن بەرمیل كەمبكەنەوە، بەجۆرێك لە ناوەراستی ئەمساڵەوە كەمكردنەوەكە بكرێتە 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و لەسەرەتای ساڵی داهاتوو تا نیسانی ساڵی ٢٠٢٢  كەمكردنەوەكە بكرێتە 5.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە .

لەسەر ئەو بنەمایە وڵاتانی ئۆپیك+ دەیانەوێت كەمكردنەوەكەی ئێستا بە قەبارەی ( 9.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تا ماوەیەكی زیاتر بەردەوام بێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی