داداگای تاوانی نێودەوڵەتی.. بۆچی ئیدارەی ترامپ سزای بەسەردا سەپاند؟

لە میدیاکانەوە

14/06/2020‌ 811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانێكی جێبەجێكاری دەركرد بەپێی ئەوە سزا بەسەر ئەو ئەندامانەی ناو دادگای دادی نێودەوڵەتیدا دەسەپێنرێت، كە بەشدارن لە لێكۆڵینەوەكانی داداگاكە سەبارەت بەوەی ئاخۆ هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان تاوانی جەنگیان كردووە یاخود نا.

لەبەرانبەر ئەو بڕیارەدا، جگە لە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل، كە پێشوازی لەو بڕیارە كرد و داگاكەی بەداگایەكی سیاسیی وەسف كردو چەندین لایەنی نێودەوڵەتی هەر لەنەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ یەكێتی ئەوروپا و چەندین لایەنی تر نیگەرانی قووڵی خۆیان بەرانبەر بەو هەنگاوەی واشنتۆن دەربڕیوە و وتوویانە بەدوداچوون بۆ پرسەكە دەكەن .

پاشخانی قەیرانەكە 
سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەكە بۆ مانگی مارسی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە كاتێك دادگاكە گڵۆپی سەوزی هەڵكرد بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەگەری روودانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەئەفغانستان لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ ، لەناویاندا ئەو تاوانانەی بانگەشە دەكرێن، كە هێزەكانی ئەمەریكا و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا (سی ئای ئەی ) ئەنجامیان دەبێت .

ئەو هەنگاوە نوێترین ڕێكاری ئیدارەی ئەمەریكییە دژ بە ڕێكخراو و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، كە تا ئێستا ڕێكەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە و ڕێكەوتننامەی نافتا بۆ بازرگانی ئازاد لەنێوان دوو ئەمەریكاكە و سزادانی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی ‌و هتد.. گرتووەتەوە.

دامەزراندنی دادگاكە و ئەركەكانی 
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠٠٢ بەفەرمی دامەزراوە دوای ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی ١٩٩٨ بڕیاری لەسەر پرۆژەی دروستكردنی داداگاكەدا، كە بارەگاكەی دەكەوێتە وڵاتی هۆڵەندا و بەدیاریكراویش شاری لاهای.

داداگای تاوانی نێودەوڵەتیی لەڕووی فەرمانبەر و پارەداركردنەوە دەستەیەكی سەربەخۆیە لەنەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام چەند رێكەوتننامەیەك هەیە، كە شێوازی مامەڵەكردنی ئەو دوو رێكخراوە لەڕووی یاساییەوە رێكدەخات.

كاری داداگاكە بریتییە لە بەدادگایی گەیاندنی ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بەئەنجامدانی تاوانی جەنگ و كۆمەڵكوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی، كە بەهۆیەوە ئێش و ئازاری جەستەیی و دەروونی لێكەوتووەتەوە.

سیستەمی دادگاكە ڕێگە بە داداگاییكردنی دەوڵەتانیش دەدات لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە، هەروەك چۆن یاسای بنەرەتیی رۆما، كە دادگاكە پشتی پێدەبەستێت ڕێگە دەدات ئەو دەوڵەتانەی ئەندامی دادگاكاش نین لەسەر ئەو تاوانانەی لەوڵاتانی تر ئەنجامی دەدەن دادگایی بكرێن  .

لەئێستادا ژمارەی ئەندامانی دادگاكە ١٠٤ ئەندامە، لەساڵی ٢٠٠٢ هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل واژووی خۆیان بۆ یاسای داداگاكە كێشایەوە، كە دواتر چەند دەوڵەتێكی تریش هەمان هەنگاویان نا و كشانەوە .