بەشیر حەداد وەڵامی وتەكانی غالب محەمەد دەداتەوە

کوردستان

20/06/2020‌ 1848 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەڵامی وتەكانی د.غالب محەمەد دەداتەوە و دەڵێت، قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە سەرلەبەری دوورە لە راستی و بەهیچ شێویەک و لەلایەن هیچ پەرلەمانتارێکەوە داواکاری بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر هێرشەكانی توركیا پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.

نوسینگەی راگەیاندنی بەشیر حەداد لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەو پەلامارو هێرشانەی سوپای تورکیای بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئیدانە کردووە و بە پێشێل کردنی سەروەری خاکی عێراقی داناوە و داواشی کردووە بە زوترین کات حکومەتی فیدراڵ داوا لە تورکیا بکات ئەو هێرشانە را بگرێت.

باسیلەوەشكردووە، تاوەکو ئێستا ئەم بەڕێزەمان نەبینیوە لەناو ھۆڵی پەرلەمان یان میدیایەکی عەرەبی و عێراقی داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات و تەنیا پاڵەوانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و چەند کەناڵێکی لۆکاڵییە.
دەقی راگەیەندراوەكەی نووسینگەی بەشیر حەداد:

یەکەم: قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە سەرلەبەری دوورە لە راستی و بەهیچ شێویەک و لەلایەن هیچ پەرلەمانتارێکەوە داواکاری بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر ئەو بابەتە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.

دووەم: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەو پەلامارو هێرشانەی سوپای تورکیای بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئیدانە کردووە و بە پێشێل کردنی سەروەری خاکی عێراقی داناوە و داواشی کردووە بە زوترین کات حکومەتی فیدراڵ داوا لە تورکیا بکات ئەو هێرشانە را بگرێت.

سێیەم: لە ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی تووشبوونی چەند پەرلەمانتارێکەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوەکانی خۆی راگرتووە و کۆبوونەوە ئەنجام نادات.

چوارەم: تاوەکو ئێستا ئەم بەڕێزەمان نەبینیوە لەناو ھۆڵی پەرلەمان یان میدیایەکی عەرەبی و عێراقی داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات و تەنیا پاڵەوانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و چەند کەناڵێکی لۆکاڵییە.

پێنجەم: وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە وەزیرەکەی کوردە و لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دووجار بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کردووە و نامەی ناڕەزایی پێداوە و بۆ ھەمان مەبەست بانگھێشتی باڵیۆزی ئێرانیشی کردووە.

شەشەم: ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە بگرینەبەر و داوای ياسایی لەسەر تۆمار بکەین، چونکە ئەوە چەندەمین جارە درۆ و قسەی ناراست بە دەمی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەڵدەبەستێت .

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٢٠٢٠/٦/٢٠