ئه‌یاد عه‌لاوی: ئه‌مریكا بۆ له‌به‌رامبه‌ر بۆردوومانه‌كانی توركیا و ئێران بێده‌نگه‌؟

عیراق

20/06/2020‌ 1059 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانیی عێراق ره‌خنه‌ له‌ بێده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێم ده‌گرێت و رایگه‌یاند،  لانی كه‌م كه‌ توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌، مه‌گه‌ر ئه‌مریكا دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژیی له‌گه‌ڵ عێراق ناوێت؟.

له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانیی عێراق ده‌پرسێت: "بۆچی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر بۆردوومانه‌كانی توركیا و ئێران بۆسه‌ر خاكی عێراق بێده‌نگه‌؟ له‌كاتێكدا دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکی ستراتیژیمان لەگەڵ عێراق هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە و دیالۆگ رێکدەخەن".

ئه‌وه‌شی نووسیووه‌: لانی كه‌م كه‌ توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌، مه‌گه‌ر ئه‌مریكا دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژیی له‌گه‌ڵ عێراق ناوێت؟".

دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی خاكی هەرێم لە ناحیەی باتوڤەی سەر بە قەزای زاخۆ، بەرپرسێكی توركی بەئاژانسی رۆیتەرزی وت: پلانی توركیا خۆی لە دروستكردنی بنكەی سەربازیی كاتی لەناوچەكەدا دەبینێتەوە، تا ڕێگە بگیرێت لەوەی ناوچە پاككراوەكان جارێكی تر بۆ هەمان مەبەست دژ بە توركیا بەكاربهێنرێنەوە.

توركیا زیاتر لە ١٠ بنكەی سەربازیی كاتی لەهەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك دا هەیە، دەشیەوێت بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بنكەی سەربازیی زیاتر لەناوچەكە دروست بكات.

نەخشەی بڵاوبوونەوەی بنكە سەربازییەكانی توركیا لەهەرێمی كوردستان بەدرێژایی سنووری عێراق و توركیا و بە دەروازەی خابوورەوە تاوەكو قەزای سۆران دەگرێتەوە.