سۆران عومه‌ر: دوای ٢٩ ساڵ، حوکمڕانی ئەم ھەرێمە شکستی ھێناوە، پێویستە قەوارەکە ھەڵوەشێتەوە

کوردستان

26/06/2020‌ 1246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سۆران عومه‌ر رایگه‌یاند، ٢٩ ساڵە بەناوی ھەرێم و قەوارەی سەربەخۆوە دز گەورە دەکەن کە ئێستا بوون بەمەترسی لەسەر ژیانی ھەموو کورد، "ئەمانە کە دەچن لە بەغدا چۆک دادەدەن بۆ رێکەوتن لەپێناو مانەوەی خۆیان و ھێنانی بودجە، نابێ ئەوە قبوڵ بکەین، پێویستە بەغدا خۆی موچە بدا و داھات دەست بەسەرا بگرێ، دڵنیابن ھێندەی ئەم زۆڵە کوردانەی لێ نادزن، زوڵمیش بکەن بەقەد ئەمەی ئەمان ناکەن".

له‌ نوسینێكدا له‌ فه‌یسبووكی تایبه‌تی خۆی سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان نووسیوویه‌تی: "شەڕی ناوخۆ، تیرۆر، رفاندن، ئەشکەنجە، زیندانی نھێنی، بێ سەروشوێن کردن، دزی و تاڵانی داھاتی میلەت، برسیکردن، شەھیدکردنی خۆپیشاندەر، خۆ دەوڵەمەندکردن، زوڵم وستەمکردن، ھەژارکردنی خەڵک، بێ کاری، لەتکردنی ھەرێم بۆ دوو ئیدارە، دانانی بازگە لەنێوان دوو ئیدارە، دوو ئاسایش و دوو پێشمەرگەو دوو پۆلیس و دوو ڕەنگ و دوو قسەو دوو دەسەڵاتی جیاواز، ھەرەس پێھێنانی ھەرێم لە پیشەسازی و کشتوكاڵیەوە بۆ بەتاڵەی بن دیوارو خانەنشینی نایاسایی".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: لەگەڵ ئەم سیما دیارە قێزەونانەی ھەرێم، دەسەڵاتداری دزو مافیا حوکمڕانە، ئەوانەی گەر ھەرێم نەبوایە زۆریان دەبونەوە بەجاش، "دوای ٢٩ ساڵ خەڵک داوای موچە دەکات نیە، داوای ژیان دەکات زەحمەتە، ئایا کاتی ئەوە نەھاتوە بۆ دەرباز بون لەم چەتەو مافیایانەی کوردایەتی خۆمان ڕزگار بکەین و لەمانەشی تێکدەین؟"

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت: گەر بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ھیچ نەگۆڕێ با کار بۆ ھەڵوەشانەوەی ھەرێمێک بکەین کە بووە بە دۆزەخ بۆ کوردی باشورو لانکەی جاشایەتی و خیانەت لەکوردانی پارچەکانی دیکە، خۆ ئەوکاتەی ھەرێم ھەڵدەوەشێتەوە ئیتر سەرۆکی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان نامێنێ، پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا دەبێ، ئەوەی ئێستە خەڵک داوای دەکات موچە لەکاتی خۆی بێ دەسکاری وەک پارێزگاکانی دیکە دەدرێ بزانە ھیچ پارێزگایەکی عێراق خۆپیشاندان بۆ موچەی پاشەکەوت و نەدراوو دواکەوتوو دەکەن؟.

سۆران عومه‌ر ده‌شڵێت: "پەرلەمانتان بۆ چیە کەنەتوانێ لێپرسینەوە بکات لەخەمی ژیانی ئێوەدابێ؟ نوێنەرانتان لەئەنجومەنی نوێنەران بەخەمی زیاتری ئێوەوەن و دەسەڵاتیان زیاترە، ئێمە ٢٩ ساڵە بەناوی ھەرێم و قەوارەی سەربەخۆوە دز گەورە دەکەین کە ئێستە بوون بەمەترسی لەسەر ژیانی ھەموو کورد".

رونیشیكرده‌وه‌: ئەمانە کە دەچن لە بەغدا چۆک دادەدەن بۆ رێکەوتن لەپێناو مانەوەی خۆیان و ھێنانی بودجە، نابێ ئەوە قبوڵ بکەین، پێویستە بەغدا خۆی موچە بدا و داھات دەست بەسەرا بگرێ، دڵنیابن ھێندەی ئەم زۆڵە کوردانەی لێ نادزن، زوڵمیش بکەن بەقەد ئەمەی ئەمان ناکەن.

سۆران عومه‌ر هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی: دەڵێن مافێکی دەستوریە ھەرێم؟ ھەموو مافەکانی دیکەمان بدەنەوە ئەم مافەیان ھەڵوەشێننەوە، تا چیدی ھیچ ستەمکارێ بەناوی سەرۆکی حکومەت و ھەرێم و دەسەڵاتە بێ ئیرادەکانی دیکە نەمێنێ کە ھیچ ھێزێک مافی لێپرسینەوەی لێی نیە، نەفرەت لەوانەی ٢٩ ساڵە لەم ھەرێمە کورد دەچەوسێننەوە، بژی ھەر کەسێک خەڵک بژێنێ.

"دڵنیابن بۆیە بێ منەتن و گوێ ناگرن و دزی و تاڵانیان بەردەوامە چونکە قەوارەی ھەرێم پاراستونی پێیان وایە ھەڵناوەشێتەوەو بەردەوام دەبن و کەسیش نابێ لێیان بپرسێتەوە، ئەوەی کوردایەتیمان پێ دەفرۆشێتەوەو دەڵێ ھەرێم بمێنێ گرنگە فەرموو گرنگیەکی ھەرێم بۆ غەیری مافیاکانی دەسەڵات بژمێرە! با خەڵک دوای ٢٩ ساڵ بڕوا بکات بە درۆکانتان"، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌كانی سۆران عومه‌ر.