عومەری سەید عەلی مانۆڕی سیاسی بۆ "پاراستنی قەوارەی سیاسی" هەرێم دەكات

کوردستان

29/06/2020‌ 1181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان مانۆڕێكی سیاسی دەستپێكردووە، كە ئامانج لێی "پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان"ە.

دوو رۆژە بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی عومەر سەید عەلی شاندێكی پێكهێناوەو دەستی بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، ئەو هەوڵەی عومەر سەید عەلی‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ "ُپاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان"ە.

سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بۆ شارپرێس وتی: رێكخەری گۆڕان‌و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان پێیانوایە مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان هەیە.

سەرچاوەكە وتیشی: ئەوان دەیانەوێت بەو كۆبوونەوانە، باوەڕ بەلایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێم بهێنن، "هەموویان پێكەوە كار بكەن بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم‌و دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەری".

شاندی گۆڕان رۆژی یەك شەممە لەگەڵ شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبووەوەو ئەمڕۆ دوو شەممەش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی‌و پارتی دیموكرات كۆبوونەوە دەكەن‌و بڕیارە رۆژی چوار شەممەی داهاتووش لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانیش كۆبوونەوە بكەن.

هـ ـ ح 

بەپەلە