عێراق بۆ وەستاندنى تورکیا بنکە سەربازیەکانى لەسەر سنورى زاخۆ زیاد دەکات

عیراق

01/07/2020‌ 1108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بە بڕیارى وەزارەتى بەرگرى عێراق بۆ وەستاندنى تورکیا بنکە سەربازیەکانى لەسەر سنورى زاخۆ زیاد کرد.


بەپێی ئەو زانیاریانەى ئەمڕۆ دەست شارپرێس کەوتوون وەزارەتى بەرگرى عێراق هێزى پاسەوانى سنورى عێراق کە لەسەر سنورى زاخۆ جێگیرن فەرمانى کردوە لە شوێنەکانى خۆیان بچنە پێشەوە بە ئامانجى راگرتنى سوپاى تورکیا کە لەوە زیاتر نەیەنە پێشەوە.


ئەو هێزەى پاسەوانى سنورى عێراق لە ناوچە سنورییەکانی زاخۆ و لە سەر شاخەکانی دێرێ و شەهبانیێ چوونەتە پێشەوەو ئاڵای عێراقیان هەڵکردووە. .

هاوکات شارپرێس ئەوەشى زانیوە کە ئەو بریارەى وەزارەتى بەرگرى عێراق لەسەر داواکارى چەند بەرپرسێکى باڵاى حکومەتى هەرێم بووە کە راستەوخۆ داوایان لە حکومەتى عێراق کردوە.


هەر لەسەر ئەو پرسە هەرێم کەمال ئاغا ئەندامى لیژنەى بەرگرى و ئاسایش لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، حکومەتى عێراق هیچ هێزێکى رەوانەى سنورى زاخۆ نەکردوە، بەڵکو ئەو هێزانە هەر لەو سنورە بوون و پاسەوانى سنورن.


ئاماژەى بەوەشکرد، پاسەوانى سنور تەنیا بنکەکانى زیاد کردوە بە ئامانجى راگرتنى تورکیا، بەڵام بەوتەى خۆى نازانرێت کە ئایا دەتوانرێت تورکیا بوەستێنرێت یان نا.


هەروەها هەرێم کەمال ئاغا باسى لەوەشکرد،حکومەتى عێراق کارتى ئەوەى لەبەر دەستە کە بتوانێت لەبەرامبەر تورکیا بەکاری بهێنێت لەوانەش پەیوەندى ئابورى و بازرگانییە کە دەتوانێت رایبگرێت یان دەتوانێت سکاڵا لە ئەنجومەنى ئاسایش تۆمار بکات لە دژى تورکیا.


ئەندامەکەى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق بێ ئاگایی خۆى دەربڕی لەوەى کە زیادکردنى ئەو بنکانەى پاسەوانى سنور لەسەر داواى کێ بووە، بەڵام جەختیکردەوە ئەو بڕیارە هى حکومەتى عێراق بووە.
س.هـ