بەپێی دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی 83% ی زیندانیانی توركیا ئەشكەنجە دراون

جیهان

02/07/2020‌ 2047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دامەزراوەی "هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانی تر"، كە دامەزراوەیەكی بواری مافەكانی مرۆڤە لەبڕۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، لەڕێگای راپرسییەكەوە، كە لەبارەی "دۆكۆمێنتكردنی ئەشكەنجەدانی بە بەرنامە لەناو زیندانەكانی توركیا" كردوویەتی و پرسیاری لە كەسانی زیندانیكراو  لە توركیا كردووە، ئاشكرایكردووە، كە رێژەی ئەو كەسانەی لە گرتووخانەكانی توركیادا ئازار و ئەشكەنجە دراون گەیشتووەتە ٨٣٪. 

دامەزراوەكە ڕوونیكردووەتەوە، كە راپرسییەكە بە بەشداری ٩٣٨ كەس كراوە، كە لە توركیا دەستگیر و زیندانی كراون و تێیدا چەند پرسیارێكیان ئاراستەكراوە لەبارەی ئەوەی، كە ئایا لەماوەی دەستگیركردنیان بەشێوەی بە بەرنامە ئەشكەنجە دراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا كراوە.

ئەنجامەكان روونیانكردووەتەوە كە ٨٣٪ی بەشداربووان وتوویانە لەكاتی دەستگیركردنیاندا تووشی ئەشكەنجە و مامەڵەكردنی خراپ هاتوون، لەكاتێكدا ٤٧٪ یان وتویانە لەناو زیانداندا تووشی ئازار و ئەشكجەدان و مامەڵەی خراپ هاتوون .

سەبارەت بە هۆكارەكانی دەستگیركردنیان و ئازار و ئەشەكجەدانیان، وەڵامەكان جۆراوجۆر بوون بەشێوەیەك لەنێوان (بوونی هەژماری بانكی لە بانكی ئاسیا، كە بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی بە بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەنەوە دەستی بەسەرداگیراوە) و (بەكارهێنانی ئەپی بایلۆك، كە گوایە لەكاتی هەوڵی كودەتاكەی ساڵی ٢٠١٦ سوودی لێبینراوە)و (ئاگاداركردنەوە لەبارەی ناوێك لەڕێگای كەسێكی ترەوە)و (بوونی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ كەسێكی تر، كە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە) بووە .

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی ٢٠١٦ ی كردە پاساو بۆ پاكتاوكردنی نەیارە سیاسییەكانی و زیندان و ئەشكەنجەدانی ئەو كەسانەی لەگەڵ سیاسەتەكانی نەبوون و رەخنەیان لێدەگرت، بەجۆرێك لەو هەڵمەتی دەستگیركردن و رەشبگیرییەدا ٨٠ هەزار كەس دەستگیركران و ١٥٠ هەزار فەرمانبەر و ئەندامانی سوپا و دەزگا ئەمنییەكان لەكارەكانیان دوورخرانەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی