لەسەر بۆردومانکردنى خاکى هەرێم
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەڵمانیا پرسى راگرتنی چەک فرۆشتن بە تورکیا دەوروژێننەوە

کوردستان

09/07/2020‌ 392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەسەر بۆردومانکردنى خاکى هەرێمی کوردستان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیا لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە پرسى راگرتنی چەک فرۆشتن بە تورکیا دەوروژێننەوە.


دواى حیزبی چەپی ئەڵمانیا ئەمجارەیان حیزبی سەوز بابەتى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وروژاندەوە کە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و شەهیدو دەکرێن.


هاوکات حیزبی سەوز داوایکرد، ئەوە روون بکرێتەوە، کە تەکنەلۆژیای ئەڵمانی لە مووشەکەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى دەوڵەتی تورکدا بەکار دەهێنرێن یان نا.


تورکیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر (سیها )ی لە سنورەکانى هەرێمى کوردستان و لە رۆژئاواى کوردستان لەدژى هاووڵاتییانى مەدەنی و هەروەها پەکەکەو هەسەدە بەکارهێناوە.


لە دوایین هێرشی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەدا لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دا لە کونە ماسیی ناوچەى شارباژێڕی سلێمانی  ٢ هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و ٨ کەسی تریش بریندار بوون. لە ٢٣ی حوزەیرانیشدا لە گوند هلنج لە کۆبانێ ٣ ژنی کورد هەر بەو شێوەیە و بەو جۆرە هێرشانە شەهید کران.


لەدواى ئەو رووداوانەش حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پەرلەمانى ئەڵمانیا پرسى راگرتنى فرۆشتنى فڕۆکەى سیها بە تورکیا هێناوەتەوە ئاراوەو داوایان لە حکومەتەکەى مێرکڵ کردوە فرۆشتنى فرۆکە بە تورکیا رابگرێت.


لەو بارەیەوە ئاندرێ هونکۆ پەرلەمانتاری پارتی چەپ هەفتەی رابردوو لەسەر سیهاکانی دەوڵەتى تورک پرسیاری لە دەوڵەتى ئەڵمانیا کردبوو و نیلس ئانین وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا داواى لە دەوڵەتى تورک کردبوو، پێویستە سیهاکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنرێن و جموجوڵیان پێ بکرێت.


هاوکات حیزبی سەوزی ئۆپۆزسیۆن داوای لە حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا کردووە ئەوە روون بکرێتەوە، کە ئاخۆ تەکنەلۆژیای ئەڵمانی لە مووشەکەکانی سیهاکانی تورکدا بەکار دەهێنرێت یان نا؟.


حیزبی سەوز بە تایبەتی لەبارەی موشەکانی (ئومتاس - UMTAS) پرسیاری کردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە ئەڵمانیا بە سوپای تورکی دەفرۆشێت و بەو موشەکانەش کۆمەڵکوژی بەرفراوانى بە کۆمەڵ ئەنجام دەدرێن.
س.هـ