پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌: داوای ئه‌وه‌مان نه‌كردووه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بخرێته‌ سه‌ر به‌غدا

کوردستان

15/09/2020‌ 159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزگاری ھەڵەبجە رایدەگەیەنێت، خەڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كه‌ی ھیچ داوایەكیان سەبارەت بە گواستنەوەی مووچە بۆ سەر حكومەتی عێراق ئاراستەی مستەفا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نەكردووە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە لە كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند، "لە یاداشتی ئیدارەی ھەڵەبجە بۆ حكومەتی عێراق داوای ئەوە نەكراوە كە مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای ھەڵەبجە بخرێتە سەر بەغدا، ھەروەھا ئەو كەسانەی كە لە ھەڵەبجە چاویان بە مستەفا كازمی كەوتووە، باسی زیانەكانی خەڵكی ھەڵەبجەیان كردووە بەھۆی كیمیاباران، كەسیان باسی مووچەیان نەكردووە".

پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ باسی له‌وه‌شكرد، "مووچەی خەڵكی ھەڵەبجە و شارەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان لای حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، پرسی كورد لە بەغدا وەك یەك پاكێج مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، نەك وەك پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ".

ئازاد تۆفیق ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ رۆژی پێنجشەممە 17/9/2020 وەك ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە كۆدەبنەوە و یاداشتێك ئاراستەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن، كە تایبەتە بە زەرەر و زیانەكانی ھەڵەبجە له‌ ڕابردوودا.

ڕۆژی هه‌ینی مسته‌فا كازمی به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداریی ئه‌و پارێزگایه‌ كۆبوه‌وه‌، دواتریش سه‌ردانی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخی كرد.


ڕ . ج