شارپرێس:
توشبون به‌ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه زیاد ده‌كات، سه‌رپه‌رشتیارانی دووەم سه‌نته‌ری کۆرۆنا له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش هۆشداریده‌ده‌ن که به‌هۆی زۆری حاڵه‌ته‌کانه‌وه نه‌توانن نه‌خۆش وه‌ربگرن.
به‌هۆی زۆربوونی ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆناوه له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ته‌نها پشکنین بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌کرێت که به‌رکه‌وته‌ی یه‌که‌می ئه‌وکه‌سانه‌ن که تووشی ڤایرۆسه‌که بوون‌و نیشانه‌ی توندیان هه‌یه، ته‌نها له‌م مانگه‌شدا 11 هاووڵاتی به‌ڤایرۆسه‌که گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئاراس حه‌مه‌سه‌عید به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فا به‌ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاند، "ژماره‌ی توشبووان به‌رده‌وام له‌زیادبوندایه، ئه‌وانه‌ی دێنه نه‌خۆشخانه ئه‌وانه‌ن که نیشانه‌ی توندیان هه‌یه، ئێمه له‌تواناماندا نییه هه‌موو تووشبووه‌کان له‌قاوشه‌کاندا داخڵ بکه‌ین، ته‌نها پشکنین بۆ که‌سی یه‌که‌م‌و به‌رکه‌وتووی ئه‌و نه‌خۆشخانه ده‌که‌ین که نیشانه‌ی توندیان هه‌یه".
له‌به‌رامبه‌ر زیادبونى حاڵه‌ته‌کانی توشبوون به‌کۆرۆنا به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه سه‌نته‌ری کۆرۆنای له‌نه‌خۆشخانه‌ی به‌رکه‌وتوانی چه‌کی کیمیاوی کرده‌وه، عیماد فه‌یرۆز به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ره‌که‌ش به‌ده‌نگى ئه‌مریكاى وتوه:"توانای سه‌نته‌ره‌که سنورداره، له‌ئێستادا 16 نه‌خۆشی تێدایه‌و 12 نه‌خۆشیان له‌ژێر ئۆکسجیندان و زۆربه‌شیان که‌سانی به‌ته‌مه‌نن".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه ئاشكرایكردوه، ژماره‌ی توشبوان زۆره‌و گرفتی که‌می ده‌رمانیان هه‌یه، به‌پێی دوا ئاماریش، توشبوون به‌کۆرۆنا له‌هه‌ڵه‌بجه 30 هاوڵاتی به‌ڤایرۆسه‌که گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 65 هاوڵاتیش له‌ژێر چاره‌سه‌ی پزیشکیدان.