شارپرێس:
یونادم یوسف کەننا، ئهندامی پهرلهمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرەپێدانی پەڕلەمانی باسی لەوە کردووە کە چەند لایەنێکی سیاسیی داوایان کردووە دەستکاری یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق بکرێت و کەموکوڕی و ناڕێکییەکانی چارەسەر بکرێت، هەروەک جەختیشی کردۆتەوە کە لە عێراقدا زیاتر لە ١٧٠ پارتی سیاسیی بندیوار هەیە.
کەننا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە کە چەند لایەنێکی سیاسیی و پەڕلەمانی داوایان کردووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەلێن و کەموکوڕییەکان، یاسای پارتە سیاسییەکان هەموار بکرێتەوە، روونیشی کردۆتەوە کە گفتوگۆکان هێشتا لەسەرەتادان و کار لەسەر دیاریکردنی بڕگە و ماددەکانی یاساکە دەکەن کە دەبێت هەموار بکرێتەوە.
بەپێی قسەی سەرۆکی لیژنەی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرەپێدانی پەڕلەمانی ژمارەی پارتە سیاسییەکان کەلە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون ٢٠٠ پارتە، کە لەو ژمارەیە تەنیا ٣٠ پارتیان چالاکیان هەیە و ئەوانی تر پارتی بندیوارن و دەبێت لەلایەن کۆمسیۆنەوە دابخرێن.
کەننا ئەوەشی وتووە کە لەهەندێک حاڵەتدا پارتە دەسترۆیشتووەکان پارتی سیاسیی بچووک دادەمەزرێنن و لەکاتی پێویستدا وەک ناونیشان بەکاریان دەهێنن، باسی لەوەش کردووە کە لەکاتی هەموارکردنەوەی یاساکەدا هەوڵ دەدرێت ئەو سەرپێچییە یاساییانە چارەسەر بکرێن.
وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی