وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم: سیستمی هاتووچۆ نوێده‌كرێته‌وه‌

کوردستان

25/11/2020‌ 663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گرێبەستێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان و کۆمپانیای میولباوەری ئەڵمانی لە بواری هاتووچۆ واژۆکرا.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ رایگەیاند "ئەمڕۆ گرێبەستێکی ستراتیژی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای میولباوەری ئەڵمانی واژۆدەکرێت، کە تایبەتە بە خزمەتگوزاری مۆڵەتی شۆفێری، ساڵیانە و تۆمارکردنی کڕین و فرۆشتنی هەموو ئەو ئامێرانەی لە سیستەمی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەماهەنگی کردووە بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەو سیستەمە مۆدێرنە وەربگرن و شێوازی مۆڵەت، ساڵیانە و تۆمارکردن بگۆڕن بۆ شێوازی دیجیتاڵی و لەوبارەیەوە هاوڕا بوون.

رێبەر ئەحمەد وتیشی، "لە وەزارەتی ناوخۆ دەستمان داوەتە پرۆسەی چاکسازی لە سیستەمی هاتووچۆ، چونکە ئەم سیستەمە ساڵانیکی زۆرە ئیشی پێدەکرێت و پێویستی بە نوێکردنەوەیە".

لە بەشێکی دیکەی قسه‌كانیدا وەزیری ناوخۆ رایگەیاند "ئەو گرێبستە جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بەشێوازێکی ئاسانتر و رێکوپێکتر بگەنە هاووڵاتییان، لە هەمان کاتدا دەبێتە بنەمایەک بۆ بەدیجیتاڵکردنی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بەدیجیتاڵکردنی تەواوی فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی وەزارەتەکان دەتوانن سوود لە تەواوی داتاکان وەربگرن، کە لە سیستەمی هاتووچۆ تۆماردەکرێن".