شارپرێس:
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌فه‌رمی كوژرانی ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌ی له‌گرژییه‌كانی شه‌وی ڕابردووی نێوان پێشمه‌رگه و په‌كه‌كه له نزیک قەزای ئامێدى ڕاگه‌یاند.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ئاشكرایكرد، ئه‌فسه‌رێك به‌پله‌ی ملازمی یه‌ك به‌ناوی "عه‌بدولڕه‌حمان شیخ موس" له گرژییه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه له گرگاشی سەر بە دەڤەرى بەرێگارى نزیک سەنتەرى قەزای ئامێدى كوژراوه .
عه‌بدولڕه‌حمان شیخ موس خه‌ڵكی باكووری كوردستانه و بڕیاره تەرمەکەی لە شارى زاخۆ بەخاکبسپێردرێت.
شەوی رابردوو گەریلاکانی پەکەکە بەناو بازگەیەکی پێشمەرگەدا لە سنوری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی تێپەڕیون بەهۆیەوە سێ گەریلای پەکەکە بریندار بوون.
لەوبارەیەوە فەرماندەیەکى هەپەگە لە سنورەکە کە نەویست ئاشکراى بکرێت بە شارپرێسى راگەیاند"شەوی رابردوو سێ لە هەڤاڵانى ئێمە کەوتوونەتە کەمینێکى پێشمەرگەو تەقەیان لێکراوەو بە سەختى بریندار کراون، ئێستا گەریلا بریندارەکان لای هەڤاڵانى خۆمانن و چارەسەریان بۆ دەکرێت".