"ئه‌وانه‌ی موچه‌ی نایاسایی وه‌رده‌گرن و ده‌بڕدرێت ژماره‌یان زیاتره‌ له‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌"

کوردستان

07/01/2021‌ 1873 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند پرۆسەی بڕینی مووچەی نایاسایی بەردەوام دەبێت و لە داهاتوودا مووچەی نایاسایی خانەنشینی پلە باڵاکان دەبڕدرێت.
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای پارتی وتووه‌: "بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی مووچە وەردەگرن زۆر لەوە زیاترە کە تائێستا وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، پرۆسەکە بەردەوامە و هەموو مووچە نایاساییەکان دەبڕدرێن".
 
بەگوتەی لیزا فەلەکەدین کاکەیی: "لە نزیکترین ماوەدا مووچەی نایاسایی خانەنشینی پلە باڵاکان دەبڕدرێن. ئەوانەی وەک رێزلێنانێک بەرامبەر خەباتیان مووچەیان وەردەگرت، مووچەکەیان دەبڕدرێت و چارەسەری دیکەیان بۆ دەدۆزرێتەوە".
 
لیزا فەلەکەدین ئاماژەی بەوەدا هەندێک کەس بە ناوی پێشمەرگەی دێرین مووچە وەردەگرن، مووچەی ئەو کەسانەش رێکدەخرێتەوە و لە جیاتی مووچە، بڕە پارەیەکیان وەک رێزلێنان دەدرێتێ. 
 
رۆژی چوارشەممە 6-1-2021 وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مووچەی 13 هەزار و 282 کەسیان بڕی کە مەرجی یاساییان تێدا نەبووە.