لەسلێمانی بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی زیادەرۆیی دەڕوخێنێت‌و خەڵك ئاگاداردەكاتەوە

کوردستان

11/01/2021‌ 3534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەسلێمانی لەبری بەشی زیادەرۆیی و شارەوانی، خەڵک ئاگاداردەكاتەوەو شوێنی تەجاوز دەروخێنێت.

جەزای سەید مەجید بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەسلێمانی لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا كەئەمڕۆ دووشەممە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، "ئەمڕۆ سەردانی ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆم کرد بۆ ڕێگریکردن لەکاری زیادەڕەوی کە تیایدا لەلایەن کەسانێکەوە بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی یاسایی هەستاون بەدروستکردنی چەند گۆگایەک، ئەمە لەکاتێکدا سێ ڕۆژ بەر لەئێستاش سەردانی هەمان جێگەم کرد".

ناوبراو دەشڵێت:"ئەمەوێت بڵێم، ئێمە وەک یەکێتیی و مەڵبەندی (١)ی ڕێکخستنی سلێمانی پاڵپشت و هاوکاری حکومەتین و بەهەموو جۆرێک دژ بەهەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە نیازی زیادەڕەوی و داگیرکردنی شاری سلێمانیان هەبێت، بەپێچەوانەشەوە لەچوارچێوەی یاسادا  پاڵپشت و سەرخەرو هاوکاری هەر بازرگانێکم کە پرۆژەی پیشەسازی یان هەر کارێکیتر بەمەبەستی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری شارەکە ئەنجامبدات".

لەكاتێكدا، بەگوێرەی یاسای عێراق و هەروەها یاسای زیادەرۆی بۆسەر موڵك و ماڵی گشتی، روخاندنی شوێنی زیادەرۆ هەروەها ئاگاداركردنەوە لەرێگای شارەوانی و هەروەها بنكەی پۆلیس و دواتر بڕیاری دادوەری دەوێت بۆ روخاندنی، هەروەها ئاگاداركردنەوەی هەركەسێكیش بەفەرمانی دادوەرو لەرێگەی بنكەی پۆلیسەوە دەبێت بەڵام، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەبری ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە كارەكەی كردووە. 

جەزای سەید مەجید لەبەشێكی دیكەی گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەڵێت:"ئەمکارەش کە ئێستا دەیبینن یەکێکە لەکارە نایاساییەکان و بەهەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە".