شارپرێس:
جارێکى دیکە دەنگۆی دواخستنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڵاودەبێتەوەو
پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ئامادەکارى بۆ هەلبژاردن نەکراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەى کە ئەمشەو لەبەغداوە دەست شارپرێس
کەوتووە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاندوە، چەند کێشەو بەربەستێک لەبەردەمیانە
بۆ بەرێوەچوونى هەڵبژاردنى پێشوەختە، بۆیە داوایان کردوە هەڵبژاردن دوا بخرێت.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە کۆمسیۆن رایگەیاندوە کە ئەوەندە
کاتیان لەبەردەم دا نییە بتوانن لەماوەى ئەو شەش مانگەدا ئامادەکاریەکانى
هەلبژاردن تەواو بکەن.
هەروەها کۆمسیۆن لە کۆبوونەوەى سێ سەرۆکایەتیەکەدا ئەو
پێشنیارەى کردوە کە هەڵبژاردن بۆ کۆتایی ئەمساڵ دوابخرێت، بیانووەکەشى نەبوونى کاتی
پێویست و هاوکات بەردەوامى پەرلەمان لە ئەرکەکانى خۆی و لەگەڵ ئەوەشدا گرفتى تەکنیکى
لەوانە چۆنیەتى دەنگدان و جیاکردنەوەى دەنگەکان کە تائێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.
لەلایەکى
دیکەوە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵى رووداوی
راگەیاندوە، بڕیاردراوە بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ دوای مانگی
ئەیلوولی 2021. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت،
هیچ بڕیارێکیان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن بەدەست نەگەیشتووە.
هەر
لەسەر ئەو پرسە موسەنا ئەمین پەرلەمانتارى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق
جەختیکردەوە، زۆر قورسە هەڵبژاردنى پێشوەخت لەو وادەیەى بۆ دیاریکراوە بەڕێوە
بچێت، چونکە نە کۆمسیۆن ئامادەکارى کردوە و کوتەلەکانى پەرلەمان لەسەر وادەیەک
رێککەوتوون.
ساڵى
رابردوو مستەفا کازمى رۆژى 6/6/2021ی بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاری کردبوو، بەڵام
تا ئەم ساتەش هیچ لایەنێک ئەو رۆژەى پەسند نەکردوەو داواى دواخستنى دەکەن.
بەپێی
دەستوری عێراق بۆ بەرێوەچوونى هەلبژاردنى پێشوەخت دەبێت پەرلەمان خۆى هەڵوەشێنێتەوەو
کۆتایی بەکارەکانى خۆی بهێنێت لەدواى هەڵوەشانەوەى پەرلەمان لەماوەى ٦٠ رۆژدا هەڵبژاردن
بکرێت.
هاوکات بەختیار شاوێس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى رایگەیاند" هەڵبژاردنی عیراق بۆ دوای مانگی نۆ دواخرا
کاتی خۆی وتمان هێزە عێراقیەکان لەگەڵ هەڵبژاردن نین ، تەنها بۆچەواشەکاری و فریودانی شەقام باسی هەڵبژاردن دەکەن".
ئاماژەى بەوەشکردوە، ئێستا کەهەرسێ سەرۆکایەتیەکە و کۆمسیۆن بەشێوەیەکی (لاستیکى) دەڵێن بۆ دوای مانگی نۆ بەوتەى خۆشى ئەمە خۆدزینەوەیە لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی لێوە بەرهەم بێت، ئەگەرنا بۆچی ڕۆژەکەیان دیاری نەکردوە.
س.هـ