هاوسەری دەمیرتاش: هیچ کەسێک لەتورکیا هەست بەپارێزراوی ناکات

کوردستان

20/01/2021‌ 629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

باشاک دەمیرتاشی هاوسەری سەڵاحەددین دەمیرتاشی هاسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت:"لەتورکیا هیچ کەسێک پارێزراو نییە، بەشێوەیەک ئەوەی لایەنگری پارتی دادو گەشەپێدان یان پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا نەبێت وەک تیرۆریست هەژمار دەکرێت".

باشاک لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"سیستەمی یاسایی لەتورکیا ڕوخاوە، بەتایبەتی لەشەش ساڵی ڕابردودا، بڕیاری دادگاکانی تورکیا لەسەر ڕێنمای پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە دەدرێن، بۆیە هیچ سیستەمێکی دادوەری دادپەروەر لەوڵاتدا نەماوە".

جەختیشیکردۆتەوە، "ئەوە هەر بۆچونی من نییە، بەڵکو بەپێی دوایین ڕاپرسیی لەسەدا ٦٠ تورکییەکان دەڵێن یاسا لەتورکیا سەروەر نییە".

هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت:"ئێمە لەکۆمەڵگایەکدا دەژین کە یاساو دەستور پێشێلدەکرێت‌و هیچ سیستەمێکی یاسایی نییە، ئەمە بارودۆخێکی زۆر نالەبارە، تەنانەت ئەوانەی دەنگ بەئاکەپەو بزوتنەوەی نەتەوەپەرست نادەن وەک تیرۆریست هەژماردەکرێن".

باشاک دەمیرتاش دەڵێت:"بەوپێیەی یاسا سەروەرنییە، بۆیە هیچ کەسێک هەست بەئاسایش‌و پارێزراوی ناکات، ئەوە هەر پەیوەست نییە بەوەی تۆ ڕکابەرێکی سیاسی بێت، بەڵکو ئەوەندە بەسە بڵێی ئابوری داڕماوە یان شتێکی لەوجۆرە، بۆئەوەی بتکەن بەکەسێکی تیرۆیست‌و دادگاییت بکەن، بەو جۆرە کوتەکی دادگا لەسەر سەری هەموانە".

سەبارەت بەبڕیاری داداگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و جێبەجێنەکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا، باشاک دەڵێت:"پێشتر بیرم لەوەکردۆتەوە کە هاوسەرەکەم بەپێی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئازادناکرێت، لەبەرئەوەی ئەو بارمتەیەکی سیاسییە، ئەوەش بەبڕیاری دادگا ئەوروپییەکە سەلمێنراوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی