هه‌ولێر.. دوو برا له‌شارۆچكه‌ى عه‌ینكاوه‌ كوژران

کوردستان

27/01/2021‌ 786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:هەژار ئەنوەر 

ئێوارەی ئەمڕۆ دوو كەس كە برا بوون، لە شارەدێی عەنكاوەی شاری هەولێر لەلایەن دوو چەكدارەوە دەستڕێژی گوللەیان لێكراو كوژران.

كاتژمێر 4:30 ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم نەخۆشخانەی ماریاناما لە شارەدێی عەنكاوەی شاری هەولێر دوو برا لەلایەن دوو چەكداری نەناسراو دەستدرێژی گوللەیان لێدەكرێت و دەكوژێن.

شایەتحاڵێك لە شوێنی رووداوەكە بە شارپرێسی راگەیاند ئەو دوو كەسەی ئۆتۆمبێلی درعیان پێبووە، بكوژەكانیش چاوەڕێی ئەوەیان كردووە تاوەكو لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزیوون ئینجا تەقەیان كردووە.

لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رائید هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند كوژراوەكان یەكێكیان تەمەنی 26 ساڵانەو ئەوەی دیكەش 36 ساڵان بووەو هۆكاری رووداوەكەش كێشەی كۆمەڵایەتی كۆن بووەو ئەمڕۆ یەكێك لەم دوو لایەنە بەدەرفەتیان زانیوەو ئەم دوو برایەیان كوشتووە.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی راگەیاند كە لەئێستادا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی ناوەخۆ بۆ دۆزینەوەی بكوژەكان.