ژماره‌ى خانه‌نشینانى نایاسایی‌و ئه‌وانه‌ى دوو موچه‌و سێ موچه‌یان هه‌یه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

14/04/2021‌ 4568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی کوتلەی هیوا لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایده‌كات، 12 هەزار کەس لەهەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نایاسایی‌و لەدەرەوەی ڕێنماییەکان مووچەی پلەی تایبەت‌و پلەی باڵا وەردەگرن، کەبەشی زۆریان لەدەرەوەی وڵاتن.


سەرکەوت شەمسەدین پەڕلەمانتاری کوتلەی هیوا لەلێدوانێکدا به‌"مەعلوومە"ی ڕاگەیاندووە، لەئەنجامی گەندەڵیی هەژموونی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، هەزاران فەرمانبەری بندیوار بوونیان هەیەو لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا لەبەرژەوەندی ئەو پارتانە بەکاردەهێنرێن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌به‌غدا ئاماژەی بەوەشکردووە، 12 هەزار کەس بەشێوەیەکی نایاسایی‌و بەپلەی باڵاو تایبەت مووچە لەفەرمانگەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان وەردەگرن، کە بەشی هەرەزۆری ئەوانە لەدەرەوەی وڵاتن.

سه‌ركه‌وت جەختیکردۆتەوە، لایەنە چاودێرییەکان لەترسیی پارتە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن هیچ قسەیەک لەسەر ئەو دۆسیەیە بکەن.

هەروەک بەپێی لێدوانێکی پێشووی سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی لەپەرلەمانی کوردستان‌و بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە حکومەتی هەرێم لەبارەی یاسای چاکسازیی ئاراستەی پەرلەمانی کردووە،  106 هەزار کەس لەهەرێمی کوردستان دوو مووچەو سێ مووچەیی لەخانەنشینی سەربازیی‌و مەدەنیی‌و چاودێری کۆمەڵایەتی‌و فەرمانبەری ئاساییدا هەیە.

بوونی ئەو ژمارە زۆرە لەخانەنشینی پلەی باڵاو پلە تایبەت‌و ئەو فەرمانبەرانەی دوو موچەو سێ مووچە وەردەگرن لەکاتێکدایە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لەدەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن‌و هەوڵێکی زۆر دەدەن کە دابمەزرێن، بەڵام دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ناڕەخسێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی