شاڵاو کۆسرەت: هیچ یەکێک لەهەڤاڵانی هەولێر ئاگایان لەهاوپەیمانێتی گۆڕان‌و یەکێتی نەبووە

کوردستان

02/05/2021‌ 7637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌ڕێگه‌ى نامه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ى ڕێباز بێرکۆتی كردوه‌، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ ڕایگه‌یاندوه‌، ئەو هاوپەیمانێتییە له‌گه‌ڵ گۆڕان هیچ یەک لەهەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون، هیواى خواستوه‌، "هاوپەیمانێتییەکە سەرکەوتووبێت‌و هیچ شوێنێک نەکرابێتە قوربانی شوێنێکی ترو براوەی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت".


ئه‌م نامه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر ڕێباز بێرکۆتی لەبازنەی یەکی هه‌ولێر دانرابوو، بەڵام دوای ڕێککەوتنی یەکێتی‌و گۆڕان، پێداچوونەوە بەلیستەکەدا کراو کاندیدی ژن لەو بازنەیەدا دانرا.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ له‌نامه‌كه‌یدا بۆ ڕێباز بێركۆتى نوسیویه‌تى:"بەداخم کە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەلیستەکەمان جەنابتی تێدانییە، لەکاتێکدا بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لەهەولێر پێویستمان بەکەسایەتی جەنابت‌و پەیوەندییەکانت بوو، بوونی تۆ دەبووە مایەی سەرکەوتن‌و بەخشینی ورەیەکی بەهێز پێمان".

دەقی نامەکە:
برای بەڕێزم کاک ڕێباز بێرکۆتی
سڵاوێکی گەرم
هیوام هەمیشە باشیتە

ئەم نامەیەت ئاراستە دەکەم و لەڕێگای ئەم نامەیەوە دەمەوێت سوپاسگوزاری خۆمت ئاراستە بکەم، کە هەمیشە لەژیانتدا پێشەنگی هەڵوێست‌و جوامێری بوویت، لەخەباتی شاخ‌و ژیانی پێشمەرگایەتیتدا هەمیشە وەک فەرماندەیەکی قارەمان‌و دڵسۆزو چاونەترس لەپێشی پێشەوەی سەنگەرەکان بوویت‌و نەبەردانە بەرگریت لەهەڵوێستەکانت کردووە، لەخەباتی شارداو لەپرسە چارەنووسسازە سیاسییەکاندا هەڵوێستەکانت هەمیشە جێگای تەقدیرو ڕێز بوونەو یارو نەیار سەرسامبوونە بەهەڵوێستە مەردانەکانت.

برای بەڕێزم کاک ڕێباز بێرکۆتی:
بەداخم کە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستەکەمان جەنابتی تێدانییە، لەکاتێکدا بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لەهەولێر پێویستمان بەکەسایەتی جەنابت‌و پەیوەندییەکانت بوو، بوونی تۆ دەبووە مایەی سەرکەوتن‌و بەخشینی ورەیەکی بەهێز پێمان.

بەداخەوە کە ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەک لەهەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون ئەم دۆخەی دروستکرد، هیوادارم هاوپەیمانێتییەکە سەرکەوتووبێت‌و هیچ شوێنێک نەکرابێتە قوربانی شوێنێکی ترو براوەی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت.

دووبارە لەڕێگای ئەم نامەیەوە سوپاسی خۆمت ئاراستە دەکەم کەهەمیشە هەڵوێستەکانت لە پێناو بەرژوەندی گشتی بووەو بەرژەوەندی خۆت وەلاناوە.

برات
شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ