شارپرێس ـ تایبه‌ت:
پاشنیوه‌ڕۆى ڕۆژى 28ى نیسانى 2021 سه‌رۆك كۆمار به‌فڕۆكه‌یه‌كى عێراقى له‌به‌غداوه گه‌یشته هه‌ولێرو دواى زنجیرەیه‌ك سەردان‌و بەسەرکردنەوە، سه‌ركردایه‌تى هه‌رێمى كوردستانى له‌مه‌ترسیه جدیه‌كان‌و پێشهاته‌كان ئاگاداركرده‌وه، چاودێران‌و ئه‌وانه‌ى ئاگادارى گفتوگۆ‌و كۆبونه‌وه‌كانن، هه‌واڵى خۆش به‌خه‌ڵكى كوردستان ده‌ده‌ن‌و باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، هێدى هێدى ئه‌گه‌رى ڕه‌وینه‌وه‌ى ته‌مى دوبه‌ره‌كى هه‌یه.
باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، خودى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى‌و هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتى‌و هه‌موولایه‌نه‌كان به‌ڵێنیان پێداوه، هاوكاربن بۆ گەڕانەوەی متمانەو بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكان.
به‌هه‌وڵى نوێوه چوه هه‌ولێر
ئێواره‌ى ڕۆژى 28ى نیسانى 2021، د.به‌رهه‌م ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بەسەردانێک گه‌یشته هەولێری پایتەختی هەرێمى كوردستان‌و له‌گه‌ڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم كۆبۆوه‌و وه‌كو ڕاگه‌یه‌نرا، لەسەردانەکەیدا هەوڵێکی نوێى بۆ دروستکردنی گوتاری نیشتمانی‌و یەکخستنی ئامانجەکان خستۆته‌ڕوو.
حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمارى عێراق له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئەم كۆبوونەوانەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان‌و لایەنە سیاسییەكان، بەرئەنجامی ئه‌و كۆبونەوانەیە كە پێشتر لەبەغدا لەنێوان سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی هەرێم‌و چەند سەركردەیەكی تر ئەنجامدراون.
پاشنیوه‌ڕۆى ڕۆژى 10ى 4ى 2021 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته به‌غداو لەگەڵ ھەریەك لەسه‌رۆك وه‌زیران، سه‌رۆک كۆمار، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ریى عێراق‌و نوێنه‌رى تایبەتی سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق‌و سه‌ركرده‌و به‌رپرسانى باڵاى سیاسیى عێراقیی كۆبۆوه.
د.به‌رهه‌م چى به‌به‌رپرسانى هه‌رێم وت؟
جیهاد باس له‌وه‌ده‌كات، سەرۆك كۆمار موبادەرەى كرد‌و سه‌ره‌تا چوه هەولێرو دواتریش سلێمانی‌و زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی بەسەركردەوەو تەوەری گفتوگۆكانیش، پرسی یەكڕیزیی‌و تەبایی گشتی بووه، جگەلەوەی باس لەچارەسەری گرفتە هەنوكەییەكانی ناوخۆى هه‌رێمیش كراوە.
به‌وته‌ى وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار، سه‌رۆك كۆمارى عێراق سه‌ربارى ئه‌وه‌ى باسى له‌پرسی پەیوەندی هەرێم‌و بەغدا كردوه له‌گه‌ڵ ته‌واوى لایه‌نه‌كان، هاوكات جه‌ختیكردۆته‌وه له‌سه‌ر ئاشتی‌و تەبایی ناوماڵی كوردی بهێنرێتە كایه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هەوڵەكان بگه‌نه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى گوتاری هاوبەشى كوردى بكرێتە بناغەی كاری داهاتووی هەموو لایەنە كوردیەكان له‌به‌غدا.
بارزانى‌و هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتى به‌ڵێنى چیان به‌د.به‌رهه‌م داوه؟
به‌رپرسه باڵاكه‌ى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار ئاشكرایده‌كات، "مەسعود بارزانی‌و سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت‌و هاوسەرۆكانى یەكێتی‌و لایەنە سیاسییەكان هەوڵەكه‌ى سەرۆك كۆماریان بەرزنرخاندوه‌و داوایان لێ‌كرد بەردەوامبێت لەسەر هەوڵەكانی".
ده‌شڵێت:"هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه بەڵێنیانداوە كە هەموو لایەنەكان هاوكاربن بۆ گەڕانەوەی متمانەو بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانی لایەنەكانی هەرێم‌و پەیوەندیەكان لەگەڵ بەغدا".
پارتى ده‌ڵێت: خه‌تى سور نه‌بوه
ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بەشارپرێسی وت:"ڕابروودی مێژووی كورد هەموو شكستەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لەپرسە چارەنووسسازەكان كۆدەنگی نەبووەو خەتی سور نەبووەو بۆیە هەر هەوڵێك بەو ئاراستەیەدا بێت كە نێوماڵی كورد كۆكراوەترو تۆكمەتربكات، جێگەی دەستخۆشی‌و پشتیوانیكردنە".
"دۆخەكە مەترسیدارە"
ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ى پارتى ته‌ئكیدده‌كاته‌وه، "ئەم جموجوڵەی لەئێستادا هەیە هیوادارم لەزەمەنێكی كورتدا ئاكامی باشی هەبێت، چونكە دۆخەكە مەترسیدارەو لەوە زیاتر هەڵناگرێت، هه‌ركه‌سیش دەستپێشخەری دەكات سەروەریی‌و شانازی بۆ تۆماردەكرێت‌و لەمێژوو لەبیرناكرێت".
زنجیره سه‌ردانه‌كانى سه‌رۆك كۆمار
زنجیرە سەردان‌و بەسەرکردنەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی د.بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بۆ لای ھێز‌و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم‌و بەرپرسانی باڵای حکومەت‌و دەسەڵات، "ئامانجی سەرەکی لێیان ئاگادارکردنەوەو تاووتوێکردن‌و خستنەڕووی ئەو مەترسی‌و پێشھاتانە بوون کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە یان دەبنەوە"، ئه‌مه وته‌ى ھاوژین عومەر ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراقه بۆ شارپرێس.
سه‌رۆك كۆمار باسى چى له‌گه‌ڵ كردن؟
ڕاوێژکاره‌كه‌ى سەرۆک کۆمار ئه‌وه‌ش ڕونده‌كاته‌وه، "سه‌رۆك كۆمار باسى مەترسییە ئەمنییەکان‌و جموجوڵەکانی ئەمدواییەی داعش‌و ناکۆکیی نێوان ھێزە دیارەکانی ھەرێم‌و گرفتە دارایی‌و ئابوورییەکان‌و ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ى عێراق‌و پەیوەندییەکانی ھەرێم‌و بەغداى له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كان كردوه لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی‌و درێژخایەن بۆیان بەھاوبەشی لەگەڵ ھەموو ھێزه‌كان".
بۆچى هه‌رێم لاواز بوو؟
ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار ئه‌وه‌شى وت:"ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لەدوای ڕیفراندۆم‌و ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وه دەستلەملانی کۆمەڵێک قەیران‌و ئاستەنگ بوویەوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و ئەو چەقبەستنە سیاسییەی لەنێوان ھێز‌و لایەنەکانی ھەرێم ھاتە ئارا، چ لەپەیوەندییش لەگەڵ عێراق، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پێگەی کورد‌و نەمانی گوتاری ھاوبەش‌و یەکڕیزیی‌و یەکدەنگیی نوێنەرانی کورد لەبەغدا دروستکردو پێگەی کوردى لەبەغدا دووچاری لاوازیی‌و لەرزەھات".
"د.به‌رهه‌م بۆ هه‌موانى ڕونكرده‌وه"
ھاوژین عومەر باسى له‌وه‌شكرد، د.بەرھەم ساڵح بۆ ھەموانی ڕوونکردۆتەوە کە لەبەرژەوەندیی ماڵی کوردیی نییە بەم قەیران‌و گرفتانەوە بەرەوڕووی ھەموو پێشھات‌و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی عێراق‌و ناوچەکە بڕۆین، ئەمەش پێویست بەچارەسەری بنەڕەتی‌و ئیرادەی بەھێزی گۆڕانکاریی‌و بەخۆداچوونەوە دەکات.
چاره‌سه‌ره‌كان چین؟
به‌وته‌ى ھاوژین عومەر سەرۆک کۆماری عێراق چارەسەری گرفتەکانى لەچەند بابەتێکدا بینیوه‌ته‌وه‌و به‌سه‌ركردایه‌تى سیاسیى هه‌رێمى گه‌یاندوه، لەوانەش:(چاکسازیی بنەڕەتی لەحکومەت‌و جۆری بەڕێوەبردن، نزیکبوونەوەی ھێز‌و لایەنە سیاسییەکان لەیەکترو دروستکردنی گوتاری ھاوبەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێم‌و گێڕانەوەی ھاوسەنگیی بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی، باشکردنی گوزەرانی خەڵک‌و دابینکردنی مووچەو شایستە داراییەکانیان، ھەوڵدان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەردو دوور لەتەزویرو ساختەکاریی، ڕێکخستن‌و یەکخستنی ھێزە سەربازیی‌و ئەمنییەکانی ھەرێم‌و گرتنی ھەموو کەلێنە ئەمنی‌و سەربازییەکان بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم)".
ئه‌وه‌شى وت:"چاوەڕوانیشدەکرێت لەئایندەیه‌كى نزیکدا لێکنزیکبوونەوەیەک لەنێوان لایەنەکان‌و جموجوڵی سیاسیی زیاتر دروستبێت".
ش.هـ