نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بەهاوسەرۆکانی یەکێتیەوە دەکات

کوردستان

01/06/2021‌ 1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەوە پەیوەندی بەهاوسەرۆکانی ئه‌و حزبه‌وه‌ دەکات.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكى هاوسەرۆکایەتی یەکێتی، "ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتیى، له‌یادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیدا جه‌ختیان له‌ته‌بایى، یه‌كڕیزیى‌و پێكه‌وه‌یى له‌پێناو پاراستنى ماف‌و ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا كرده‌وه‌".

نێچیرڤان بارزانى به‌هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتى وتوه‌، "یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ى خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى به‌هێزو سه‌ره‌كین له‌پرۆسه‌ى سیاسى‌و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌هه‌رێمى كوردستان‌و عێراقدا".

دەقی ڕاگەیه‌ندراوەکە:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/1 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، له‌یادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیدا، به‌گه‌رمى پیرۆزبایى له‌خۆیان‌و له‌ڕێگه‌ى ئه‌وانیشه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى‌و به‌رژه‌وه‌ندى‌و مه‌كته‌بى سیاسى‌و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى‌و ته‌واوى كادیران‌و جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كردو هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێم دوپاتیكرده‌وه‌، یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان وه‌ك هێزێكى سیاسیى سه‌ره‌كیى كوردستان خاوه‌ن ڕۆڵێكى دیاره‌ له‌مێژووى خه‌بات‌و تێكۆشانى ئازادى‌و به‌دیهێنانى ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا، ئه‌مڕۆش یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ى خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى به‌هێزو سه‌ره‌كین له‌پرۆسه‌ى سیاسى‌و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌هه‌رێمى كوردستان‌و عێراقدا.

به‌ڕێزیان ڕۆڵ‌و ئه‌رك‌و به‌رپرسیاریه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان‌و ته‌واوى لایه‌ن‌و پێكهاته‌كانى له‌پێناو ته‌بایى‌و یه‌كڕیزیى‌و پێكه‌وه‌یى‌و پاراستنى ماف‌و ده‌سكه‌وته‌كان‌و ئێستاو داهاتووى گه‌لى كوردستاندا به‌گرنگ‌و پێویستزانى، هه‌روه‌ها له‌م یاده‌دا سڵاوو درودى بۆ گیانى خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال ناردو دووپاتیكرده‌وه‌، به‌ڕێزو شكۆوه‌ یادى ده‌كه‌ینه‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ به‌ڕێزان هاوسه‌رۆكانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان سوپاس‌و پێزانینى خۆیان‌و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانیان بۆ په‌یوه‌ندیى‌و پیرۆزباییى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نیشانداو جه‌ختیان له‌ته‌بایى‌و یه‌كڕیزیى‌و پێكه‌وه‌یى له‌پێناو پاراستنى ماف‌و ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا كرده‌وه‌.