وه‌زیرى خوێندنى باڵاى عێراق له‌باره‌ى زانكۆكانى هه‌رێمه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

03/07/2021‌ 3277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ كه‌ركوك:

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق له‌كه‌ركوكه‌وه‌ سىێ په‌یامى گرنگى ڕاگه‌یاندو ئاشكرایكرد، سێ یەکەمەکانی کەرکوک دادەمەزرێن‌و زانکۆکانی هەرێمیش بڕواپێکراون لاى حكومه‌تى عێراق، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هەماهەنگی تەواو لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق‌و هەرێمی کوردستاندا هه‌یه‌، ده‌شڵێت:"شه‌ش زانكۆى هه‌رێم باوه‌ڕپێكراون".


د.نەبیل کازم عەبدولساحب وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق له‌سه‌ردانێكیدا بۆ شارى كه‌ركوك ڕایگه‌یاند، "خۆشحاڵین بەكردنه‌وەی کۆلێژی پزیشكی‌و تەندروستی له‌شاره‌كه‌ كه بەشێك ده‌بێت له‌زانكۆی كەركوك‌و دواتر بەشی خواردن‌و تاقیگەش ده‌كرێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شى وت:"سەبارەت بەخوێندنی باڵا لەقۆناغی یەكەمدا ئەو تاقیكردنەوانەی كە كراون حكومه‌تى عێراق بڕیاریداوه‌ سێ یەکەمەکانی کەرکوک دادەمەزرێن له‌كۆلێژه‌كانى به‌یانیان‌و ئێواران".

له‌باره‌ى هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان وه‌زیره‌ عێراقیه‌كه‌ وتى:"هەماهەنگییەکی تەواو هەیه لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای بەغداو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم‌و بڕواش بەشەش زانكۆی هه‌رێمى كوردستان كراوه بۆ وەرگرتنی خوێندكاره‌كانى بۆ خوێندنى باڵا له‌عێراق"، بەڵام ئاماژەى بەهیچ کام لەو زانکۆیانە نەکرد.