ئایا دەکرێت کشانەوەی ئەمریکا لەئەفغانستان بەکشانەوەی ئەو وڵاتە لەڤێتنام بەراود بکرێت؟

جیهان

10/07/2021‌ 2664 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردودا ئەمریکا بەشێوەیەکی کتوپڕو بێ پرس‌و ڕاوێژکردن بەحکومەتی کابوڵ هێزە سەربازییەکانی لەئەفغانستان کێشایەوەو دەرگای لەبەردەم بزوتنەوەی تاڵیبان کردەوە بەشی هەرەزۆری ناوچەکانی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵبکاتەوە، لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی "کۆمێرسانت"ی ڕاپۆرتێکی لەسەر شێوازی کشانەوەی سوپای ئەمریکاو ئاکام‌و مەترسییەکان ئەو هەنگاوە بڵاوکردۆتەوەو پرسیارى ئه‌وه‌شیكردوه‌، ئایا دەکرێت کشانەوە لەئەفغانستان بەکشانەوەی ئەمریکا لەباشوری ڤێتنام بەراود بکرێت.


لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتوە، "بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، لە90%ی هێزەکانی ئەمریکا بێ ئاگاداری حکومەتی کابوڵ خاکی ئەفغانستانیان جێهێشتوە، بنکەی باگرام کە ناوەندی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا بوو لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە بەشەو چۆڵکراوەو سەدان ئۆتۆمبێل‌و چەک‌و کەلوپەلیان تێدا جێهێشتوە.

ئەوەی ڕونە کە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک شکستی گەورەی سوپای ئەفغانستان بەرامبەر بەهێزەکانی تاڵیبان‌و دەرکەوتنی ئەوەی کە سوپای ئەفغانستان بەتەنها توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هێزەی نییە.

لەگەڵ ئەوەی لەدەزگاکانی ڕاگەیاندندا کشانەوەی لەناکاوی سوپای ئەمریکا وەک کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لەباشوری ڤێتنام هەژماردەکرێت، بەڵام جەنگی ئەڤغانستان نەبۆتە بەڵاو کارەساتێک بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، بەوپێیەی هیچ خۆپیشاندانێک لەشارەکانی ئەمریکا دژ بەبەڕێوەچونی جەنگی ئەفغانستان بەڕێوەنەچوەو هیچ سەربازێکیش بەزۆر ڕەوانەی ئەو وڵاتە نەکراوە تاوەکو تەرمەکانیان لەناو دارەمەیتدا بۆ وڵات بگەڕێتەوە.

بەپێی ڕاپرسییەک کە لەساڵی 2001و لەدوای ڕوداوەکانی 11ى سێپتەمبەر لەلایەن دامەزراوەی گاڵوپەوە ئەنجامدراوە، لە90%ى دانیشتوانی ئەمریکا لەگەڵ داگیرکردنی ئەفغانستاندابون، بەڵام لەوکاتەوە ژمارەی ئەو ئەمریکیانەی لەگەڵ ئەوەدان کە ناردنی سەرباز بۆ ئەفغانستان هەڵە بووە ڕوی لەزیادبوونکردوە، بەشێوەیەک لەدەیەی یەکەمدا ڕێژەکە گەیشتۆتە 40 بۆ 50 لەوکاتەشەوەو لەساڵی 2019 گەیشتۆتە لە43%.

هەروەک بەپێی ڕاپرسییەک کە تۆڕی ئێن بی سی نیوزو وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەدوای بانگەوازەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لەئەفغانستان ئەنجامیاندا، تەنها سێیەکی ئەمریکییەکان لەگەڵ کشانەوەی دەستبەجێی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکادا بون، بەگشتیش ئەمریکییەکان لەنزیکەوە ئاگاداری دۆخی ئەفغانستان نین.

هەروەک ڕاپرسیەک کە ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس ئەنجامیداوە، تەنها لە12%ی ئەوانەی بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردوە بەباشی ئاگاداری دۆخی ئەفغانستانن، لەبەرئەوە جۆ بایدن دەتوانێت مەزەندەی ئەوەبکات کە کشانەوە لەئەفغانستان کاریگەریەکی گەورەی لەسەر ئاستی جەماوەرییەکەی نابێت، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو کشانەوەیە چۆن ڕویداوە.

و: ئاکۆ ئاڵی