زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى جوڵه‌پێكردنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌

کوردستان

29/07/2021‌ 6455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایده‌كات، بەمنزیکانە هێزی هاوبەشی سوپاو پێشمەرگە لەناوچە کێشەلەسەرەکان بڵاودەکەینەوە، ده‌شڵێت:"هەماهەنگییەکی گەورەمان لەگەڵ سوپای عێراق‌و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هەیە"، هاوكات له‌باره‌ى بونى په‌كه‌كه‌ش له‌خاكى هه‌رێم په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌.


شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقیدا ڕایگەیاندوە، هاوکاریی‌و هەماهەنگییەکی گەورەیان لەگەڵ سوپای عێراق‌و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هەیەو بەزوترینکاتیش هێزی هاوبەشی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان بڵاودەکەنەوە.

وەزیری پێشمەرگە ئاشكرایكردوه‌، "لەئێستادا چوار ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لە(خانەقین، کەرکوک، مەخمورو ناوچەی کەسکی موسڵ) هەیە، ئەوەش هەنگاوێکی باشە بەئاراستەی هەماهەنگییەکی فراوانتر، هەردولاش پلانمان هەیە کەلێنە ئەمنییەکان لەڕێگای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ بەداعش پڕبکەینەوە".

سەبارەت بەکەرکوکیش، وەزیری پێشمەرگە دەڵێت:"هێشتا سەبارەت بەو ناوچانەی دەکەونە سنوری مادەی 140وه‌ هیچ هێزێکی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپادا دروستنەکراوە، بەڵام تاڕادەیەکی گەورە هاوکاریی‌و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە، هەوڵەکانیشمان چڕکردۆتەوە بۆئەوەی بەئاراستەی باشتر بچین، بۆئەوەش بەمنزیکانەش هێزی هەردولا لەناو ناوچانە بڵاودەکرێتەوەو ئارامی‌و سەقامگیریی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە بەرقەرار دەکرێت".

لەبارەی کێشەکانی پەیوەست بەبونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)ش لەناو خاکی هەرێم، شۆڕش ئیسماعیل وتویەتی:"په‌كه‌كه‌ پێش ڕاپەڕینی ساڵی 1991و دروستبونی حکومەتی هەرێم لەو ناوچانەدا بونیان هەبوەو ئێشتاش لەناوچەکەدان، هه‌ر بەهۆکاری شەڕی نێوان پەکەکەو سوپای تورکیا سەدان گوند چۆڵکراون‌و وێرانبون".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئەوەی لەسەر پەکەکەو سوپای تورکیا هه‌یە ڕێز لەسەروەری خاكی عێراق‌و هەرێم بگرن‌و شەڕو ماڵوێرانی لەناوچەکە دوربخەنەوە، باشترین ڕێگاش بۆ راِگرتنی ئەو شەڕو کوشتارە بریتییە لەدەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی لەنێوان پەکەکەو حکومەتی تورکیادا".