حکومەتی هەرێم بڕێک پارە بۆ توێژێک لە بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستییەکان دابین دەکات

کوردستان

01/08/2021‌ 962 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە خەرجکردنى بڕێک پارە بۆ ئەو پزیشك و كارمەندانەی تەندروستی كە لە نەخۆشخانە و ناوەندەكانی تایبەت بە كۆرۆنا كار دەكەن.

دكتۆر دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر بە میدیای پارتى راگەیاندوە، کە بڕێک پارەی تایبەت بە هاندان بۆ پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكانی تایبەت كۆرۆنا هاتووە بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتییەکان، لە هەولێر گشت ئامادەکارییەکان تەواو بووە لە ماوەیەکی نزیکدا بەسەر سەنتەرەکان و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا دابەش دەکرێت ".

ئاماژەى بەوەشکردوە بە نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕی سێ ملیار دینار بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان خەرج كراوە، كە بەشی هەولێر یەك ملیار و سێ ملیۆن و 188 هەزار دینارە.

ناوبراو روونیکردوەتەوە کە لیژنەی تایبەت دانراوە بۆ دیاریکردنی ژمارەی پزیشک و کارمەندان و فەرمانبەرانی کە لەو بوارە کار دەکەن.

هەروەها ئەوەشى خستەڕوو، مەرجی پێدانی هاندانەكە ئەوەیە، لە خزمەتگوزاریی تایبەت بە کۆرۆنا کاری کردبێت، بڕی پارەكەش جیاوازیی هەیە بەپێی سەعاتی كار و شوێنی كار و ناونیشانی كار دەبێت.