دواى چوار ساڵ پارتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك‌و ده‌ست به‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كات

کوردستان

01/08/2021‌ 3298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ کەرکوک:

پارتی لەهەوڵی گەڕانەوەدایە بۆکەرکوک تاوه‌كو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات‌و کاندیدێکی ئەو حزبەش له‌كه‌ركوك دیاریکردنی وادەی گەڕانەوەی پارتی بۆ ئه‌وشاره‌ ئاشكراده‌كات، ده‌شڵێت:"حزب باره‌گاكانى بكاته‌وه‌ یان نا ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌".


پارتی لەسه‌ر کەرکوک دوو کاندیدی هەیە، یەکێکیان (نەجوە کاکەیی)‌و ئەوی دیکەش (شاخەوان عەبدوڵڵا)یە، ئێستا نەجوە لەداقوق نیشتەجێیە، بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا لەهەولێر، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتون، 20ی ئەم مانگە شاخەوان عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک‌و دەست به‌بانگەشەی هەڵبژاردن ده‌كات.

له‌لێدوانێكدا بۆ شارپرێس شاخەوان عەبدوڵڵا کاندیدی پارتی لەبازنەی یەکەمی کەرکوک ڕایگەیاند، "وەکو پارتی چاوەڕێی ڕادەستکردنەوەی تەواوی بارەگاکان‌و وەرگرتنەوەی خانوە داگیرکراوەکانی ئەندامان‌و لایەنگرانمانین کە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبیەوە داگیرکراون‌و ڕازیش نابین هیچ بارەگایەکمان لەژێر دەستی میلیشیاکان‌و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بمێنێتەوە".

وتیشی:"دیاریکردنی وادەی گەڕانەوەی پارتیش بۆکەرکوک پەیوەستە بەبەرپرسانی باڵای حزبەوە، لەئەگەری ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی‌و بارەگاکانی دیكه‌، ئەو بڕیارە دەدرێت".

باسی لەوەشکرد، "ئه‌گەر بارەگاکانی پارتی بکرێنەوە یاخود نا، ئەوا بەمنزیکانە کاندیدەکانی پارتی ئۆفیسەکانی خۆیان لەکەرکوک دەکەنەوە، بۆئەوەی خزمەت بەلایەنگرانی حزبەکە بکەن لەکەرکوک‌و کۆڕو سیمینارو بانگەشەی تیا ئەنجامبدەن".

له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ركوكى به‌جێهێشت‌و باره‌گاكانیشى كه‌وتنه‌ ده‌ستى حه‌شدى شه‌عبى‌و هێزه‌ عێراقییه‌كان‌و تائێستاش به‌شێكیان چۆڵنه‌كراون‌و پارتیش ئاماده‌نییه‌ به‌و بارودۆخه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وشاره‌.