پارتی: دواى هه‌ڵبژاردن هه‌ر حزبه‌كانى ئێستا ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌وه‌ده‌ست

کوردستان

01/08/2021‌ 1537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت؛ بایکۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەلایەن ھەندێك لایەنی سیاسیەوە کاریگەریی نابێت‌و لەو بڕوایەدان ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت، ده‌شڵێت:"ھەڵبژاردنەكە گۆڕانکاریی گەورە لەعێراق دروستناکات".


کاکەمین نەجاڕ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەمیدیاى فه‌رمى حزبەكەی وتوه‌، "پارتی ئامادەکاریکردوە بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق‌و ئێمە لەو بڕوایەداین ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش ئامادەکاریی باشی کردوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە".

مانگی ڕابردوو چەند لایەنێك كشانەوەی خۆیان لەبەشداری هەڵبژاردنی عێراق ڕاگەیاند، لەوانە موقتەدا سەدرو حزبی شیوعی‌و ساڵح موتڵەگ‌و ئەیاد عەلاوی، كشانەوەی ئەو لایەنانەش والێكدەدرێتەوە كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ناكرێت.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئه‌ندامه‌كه‌ى مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت:"باوەڕناکەم بایکۆتی ھەندێ لایەنی سیاسی کاریگەریی ھەبێت لەسەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی عێراق، چونکە بەشێک لەو لایەنانەی بایکۆتیان ڕاگەیاندوە، لەوانەیە پێگەیان ئەوەندە بەھێزنەبێت، تەنها سەدرییەکان ھێزێکی کاریگەرن، ئەویش پێشبینیدەکرێت بایکۆتی ھەڵبژاردن نەکەن‌و بەشداری بکەن".

لەبارەی كاریگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەسەر دۆخی عێراق پێیوایە، "ھەڵبژاردن گۆڕانکاریی گەورە لەعێراق دروستناکات، لەبەرئەوەی ھەمان ئەو لایەنانەی پێشوو کورسی بەدەستدێنن، چەند کورسییەک کەم‌و زیاد، هەر ئەو ھێزانەی ئێستا لەعێراق دەسەڵاتدارن دەگەڕێنەوە سەر دەسەڵات‌و نێو پرۆسەی سیاسی‌و پێکھێنانی حکومەت".

مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دیاریكرد، بەڵام بەبیانوی جیاواز هەڵبژاردنەكە بۆ 10ی تشرینی ئەمساڵ دواخرا.

هەرچەندە دەنگی دواخستنی هەڵبژاردنەكە هەیەو هیچ لایەنێكی سیاسی بڕوای تەواوی نییە هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، كشانەوەی لایەنەكان لەبەشداریكردنیان لەهەڵبژاردن كاریگەری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە نابێت.

س.س

بەپەلە