شارپرێس:
لەکاتێکدا جەنگی سێ ساڵەی
ئیسرائیل، قەبارەی زیانە جەستەییو دەرونییەکانی سەربازانی گەیاندوەتە لێواری داڕمانێکی
مێژویی، ململانێیەکی ناوخۆیی توندیش لەنێوان وەزارەتەکانی داراییو بەرگریی لەسەر
بودجە سەریهەڵداوە؛ شەڕێک کە تێیدا دەیان هەزار برینداری جەنگو توشبوانی شۆکی پاش
کارەسات، کراونەتە قوربانیی یارییەکی سیاسییو بیۆکراسی، لەکاتێکدا سیستەمی شیاندنەوەی
سەربازیی وڵاتەکە لەژێر فشاری هێرشەکاندا خەریکە بەتەواوی هەرەسدەهێنێت.
کەناڵی 12ی عیبری
ئاشكرایكردوه، بەشی شیاندنەوە لەوەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، بەهۆی زیادبونی ڕێژەیهكى
پێوانەیی ژمارەی سەربازە بریندارەکان، بەتایبەت بەهۆی هێرشهكانى حزبوڵڵاوە، لەلێواری
داڕمانو ههرهسهێناندایه.
کەناڵه ئیسرائیلیهكه
ئاماژهى بهوهشكردوه، ناکۆکی نێوان وەزارەتەکانی داراییو بەرگریی ئیسرائیل بوەتە
هۆی لهناوچونى پلانێکی حکومی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی شیاندنەوە کە پێشکەش
بەبریندارانی سوپای ئیسرائیل دەکرێن، ئهمه سەرەڕای هۆشدارییە فەرمییەکان لەنزیکبونەوەی
داڕمانی سیستەمی شیاندنەوە دوای نزیکەی سێ ساڵ لەشەڕ.
بەگوێرەی کەناڵەکە، کۆی
گشتیی ژمارەی بریندارانی سوپای ئیسرائیل، لەڕوی جەستەییو دەرونییەوە، دەگاتە نزیکەی
90 هەزار کەس، کە 26 هەزاریان لەمدواییانەدا داواکارییان بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەرونی
پێشکەشکردوە، هاوکات ئامارەکان ئەو بریندارانەش دەگرێتەوە کە پێش هەڵگیرسانی شەڕەکە
توشی پێکان ببون.
ئەوەش ڕونكراوهتهوه،
لیژنەیەکی تایبەت پێشنیازی تەرخانکردنی دوو ملیار شیکڵی ساڵانەی کردوە (زیاتر له600
ملیۆن دۆلار) بۆ پەرەپێدانی سیستەمی شیاندنەوە، بەجۆرێک کە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی
چارەسەری توشبوانی شۆکی پاش کارەسات، باشترکردنی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بەبریندارانی
سوپا، پاڵپشتیکردنی پرۆگرامەکانی دامەزراندنو پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان
بگرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی کەمێک پێش پەسندکردنی پلانەکە، ڕایگەیاندوە، بودجەی
پێویست بۆ جێبەجێکردنی بەردەست نییە.
کەناڵەکە تیشکیخستەسەر
ئەوەی، بەشی شیاندنەوە لەوەزارەتی بەرگریی هۆشداریداوە لەوەی کە بەهۆی زیادبونی زۆری
ژمارەی بریندارەکانەوە کەوتوەتە لێواری داڕمانو جەختیکردوەتەوە، هەر دواکەوتنێک لەجێبەجێکردنی
پێشنیازەکانی لیژنەکەدا ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی سیستەمی شیاندنەوەی بریندارانی
سوپا.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی
دارایی، وەزارەتی بەرگریی بەبەرپرسیار زانیوە لەدابینکردنی پارەو پێیوابوە، دەبێت ڕیزبەندیی
کارە لەپێشینەکانی دوبارە ڕێکبخاتەوەو سەرچاوەی پێویست بدۆزێتەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی
بەرگریی وەڵامیداوەتەوە کە بودجەکەی ڕێگەی پێنادات ئەم خەرجییانە دوای سێ ساڵ لەئۆپەراسیۆنە
سەربازییەکان دابین بکات.
کەناڵەکە لەزاری وەزارەتی
بەرگرییەوە بڵاویكردوهتهوه، "سوکایەتیکردنی فەرمانگەی بودجە لەوەزارەتی
دارایی هیچ سنورێکی نییە"،و تۆمەتباریکردوە بەڕێگریکردن لەجێبەجێکردنی پێشنیازەکانی
لیژنەی "مۆر یوسف"و ڕەتکردنەوەی تەرخانکردنی پارەی پێویستو پاشان خستنەئەستۆی
بەرپرسیارێتییەکە لەسەر وەزارەتی بەرگریی.
لیژنەی مۆر یوسف لیژنەیەکی
فەرمی ڕاوێژکارییە لەئیسرائیل، کە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە پێکهێنراوەو پڕۆفیسۆر
شڵۆمۆ مۆر یوسف سەرۆکایەتی دەکات، پڕِۆفیسۆر مۆر یوسف کەسایەتییەکی ناسراوی بواری
پزیشکیو کارگێڕییە لەئیسرائیل، پێشتریش بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگهیهكى نیشتمانیو
دەستەی کۆچبەران بوە.
لەبەرامبەردا، وەزارەتی
دارایی جەختیکردوهتهوه، وەزیری داراییو وەزارەتەکەش بەتەواوی پابەندن بەشیاندنەوەی
بریندارانی سوپاو ئاماژەی بەوەکردوه، "بودجەی پێوانەیی بەملیاران شیکڵ"
بۆ وەزارەتی بەرگریی تەرخانکراوەو وەزارەتی بەرگریی تۆمەتبارکرد بەڕەتکردنەوەی بەردەوامبون
لەپەسندکردنی پێشنیازەکانی لیژنەکە.
کەناڵەکە سەرنجی بۆ ئەوە
ڕاکێشا، ئاڵوگۆڕکردنی بەرپرسیارێتی لەنێوان هەردوو وەزارەتەکەدا سەبارەت بەدابینکردنی
پارەی چاودێریکردنی بریندارانی سوپا ساڵانێکە بەردەوامە، بەڵام زیانمەندانی سەرەکی
لەم ناکۆکییە ئەوکەسانەن کە توشی شۆکی پاش کارەسات بونو هێشتا چاوەڕێی باشترکردنی
خزمەتگوزارییەکانی چارەسەرییو شیاندنەوەن.
هاوكات ڕۆژنامەی
"مەعاریڤ"ى ئیسرائیلى باسى لهوهكردوه، چاوەڕواندەکرێت، ژمارەی بریندارانی
سوپای ئیسرائیلو ئەندامانی دامەزراوە ئەمنییەکان لەشەڕە جیاوازەکاندا لەماوەی ساڵی
2026دا لە90 هەزار بریندار تێپەڕێت، ئەمەش زیادبونێکە کە لەماوەی تەنها سێ ساڵدا لە
40٪ تێدەپەڕێت، لەژێر ڕۆشنایی ئەم بەرزبونەوە زۆرهدا، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل
هۆشداریداوه کە سیستەمی شیاندنەوەی بریندارانی شەڕ کەوتوەتە ژێر هەڕەشەی داڕمانو
داوای جێبەجێکردنی دەستبەجێی پێشنیازەکانی لیژنەی "مۆر یوسف"ی کرد، کە
دوای ڕوداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر پێکهێنرا بۆ داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ
ئەو ژمارە زۆرهى سەربازانو کارمەندانی ئەمنیی کە لەڕوی جەستەییو دەرونییەوە برینداربون.
