لە ناحیەی گوێر شەڕی نێوان ماڵە جوتیارێکی کورد و هێزێکی حەشدی شەعبی کوژرانی دوو کەسی لێدەکەوێتەوە

کوردستان

17/08/2021‌ 10103 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیروان كەریم

دوانیوەڕۆی دوێنێ بەرواری 16 / 8 / 2021 لە گوندی ئیبراهیم خلیل-ی سەر بە ناحیەی گوێر لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی لەگەڵ جوتیارێکی کورد بەناوی (فائق فریق حسن) چەکدارێکی حشدی شعبی بەناوی (علی زوبێر محمد) دەکوژرێت ، خۆیشی بە سەختی بریندار دەبێت و دواتر لەڕێگەی بردنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گوێر ڕایگەیاند، جگە لە کوژرانی ئەو دوو کەسە چەکدارێکی تری حەشدی شەعبی بەناوی ( هاشم احمد محمد) بەسەختی برینداربووە و ئەگەری گیانلەدەستدانی زۆرە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی ناحیەی گوێر کێشەکە لە سەر زەوی و زار بووە و حەشدی شەعبی ڕێگریان کردووە لەجوتیارەکە لە سەر زەوی باوباپیرانی خۆی دانەوێڵە بچێنێت، بەبیانوی ئەوەی ئەو زەوییانە لە لایەن ئیدارەی موسڵ دابەشکراوە بەسەر ئەندامانی حەشدی شەعبی و کەسوکاریان.

پۆلیس دەڵێت (فائق فریق) پێشتر لای ئێمە سکاڵای لەسەر ئەو ئەندامانەی حەشدی شەعبی تۆمار کردووە کە چوونەتە سەر زەوییەکانی و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری شارپرێس لەزاری کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە دەستیكەوتووە، لەکاتی ڕووداوەکەدا جوتیارەکە کوڕێکی خۆی بەناوی (سەفین فائق) لەگەڵدابووە بەمەبەستی چارەسەری بریندارییەکەی بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لەڕێگەدا گیان لەدەستدەدات.

 پەیامنێرمان دەشڵێت، حەشدی شەعبی چواردەوری نەخۆشخانەکەیان گرتووە و بڕیاری تۆڵە سەندنەوەی گیانی چەکدارە کوژراوەکەیان داوە.