سوهرەوەردیی شەهیدی هەقیقەت

مەلەفی تایبەت

01/09/2021‌ 2593 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لێرەو لەوێ رەخنەی ئەوەم لێدەگیرێت کە من زیاتر گرنگی بە فیکر و فەلسەفە و  فەیلەسوف  و بیرمەندانی جیهان دەدەم و کەمتر باسی ئەوانەی لای خۆمان دەکەم، لە راستیدا ناسینی فیکر و فەلسەفەی جیهانیش بە خوێنەری کورد بەتایبەتی نەوەی نوێ، کارێکی باشە و خراپ نییە. بەهەرحاڵ ئەمجارەیان پێمخۆشە باسی فەیلەسوف و عارفێکی گەورەی کورد بکەم کە ئەویش شەهابەدین سوهرەوەردییە. ئەم زانا مەزنە کاریگەریی گەورەی بەسەر فیکری جیهانەوە هەیە، بەتایبەتی لایەنی تەسەوف و عیرفانییەوە، داهێنانی گەورەی کردووە، بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەم فەیلەسوف و عاریفە مەزنە بە فەرمانی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکوژرێت.

بەداخەوە کوژرانی سوهرەوەردیی و توندڕەویی لە دژایەتییکردنی  شیعە مەزهەبەکان لە ناوچەکە، بە دوو خاڵی خراپی سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەم سەرکردە کوردە دادەنرێت.

دیارە  ئەم پیاوە مەزنەی خۆرهەڵات نەک تەنها لای جیهانی ئیسلامی، بەڵکو لە خۆرئاوا و تەواوی جیهاندا مایەی گرنگی پێدانە، بەتایبەتی بۆچوونەکانی لەبارەی «مرۆڤ»ەوە. لەهەمانکاتیشدا شێوازی مردنەکەشی، هێندەی تر سەرنجی  خوێنەرانی راكێشاوە و ئەویش وەکو سوکرات، بە شەهیدی رێگەی فیکر و فەلسەفە دادەنرێت.

هیچ فەیلەسوف و زانایەکی خۆرهەڵات هێندەی سوهرەوەردی کاریگەریی گەورەی لەبواری فیکرو مەعریفەدا بەجێنەهێشتووە، گرنگییەکەی لەوەدایە لەو سەردەمەدا کە سوهرەوەردی باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی کردووە کە چ لەلایەن زانایانی ئایینی و خەڵکی عەوام و دەسەڵاتدارانەوە، بە حەرام دانراوە. هەر لەسەر وتنی هەقیقەتیش ئەم کەڵە فەیلەسوفە گیانی دەکاتە قوربانی.

لێرەدا هەوڵ دەدەم لە رێگەی دوو وتارەوە باسی ئەم کەڵە فەیلەسوفە بکەم، لە بەشی یەکەمدا زیاتر باسی بنەما فکرییەکانی دەکەم، لە بەشی دووەمیشدا زیاتر باسی ژیانی شەخسی دەکەم، ئەوەش لە رێگەی باسکردنی رۆمانی «قەلەندەر و قەڵا «لە نووسینی نووسەری ئێرانی «یەحیا یەسریبی» کە کاک ئازاد بەرزنجی لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ئەم رۆمانە زیاتر باسی ژیانی شەخسی دەکات، زۆر بە جوانی وێستگەکانی ژیانی سوهرەوەردی باسکردووە. بەو هیوایەی ئەم وتارەی ئێمەش کەمێک زانیاریی بە خوێنەرانی کورد ببەخشێت.

منداڵێکی زیرەک و بەتوانا
سوهرەوەردی ناوی تەواوەتی یەحیا حەبەش ئەمیرک سوهرەوەردییە لە ساڵی 1154 ز لە سوهرەوەرد  لە هەرێمی زەنجانی ئێران لەدایکبووە، لە ساڵی 1191ز بە فەرمانی سەڵاحەدینی ئەیوبیی سزای مردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەمەش لە پاش دادگاییکردنی لەلایەن کۆمەڵێک لە زانایانی ئایینی کە تۆمەتی کافریی و دەرچوون لە ئاینی ئیسلامی بۆ هەڵدەبەستن.

پاشان دەخرێتە زیندانەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک نان و ئاوی نادەنێ ئیدی بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدات و دەبێتە قوربانیی دەستی و دواکەوتوویی.

دواتر زانایانی ئایینی دڵیان ئاو ناخواتەوە و باوەڕ ناکەن و دەڵێن پێدەچێت زاهیر شا کوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی کە والی حەلەب بووە، شاردبێتییەوە، چونکە ئەو هاوڕێی  سوهرەوەردی بوو، نەیدەویست سزای بدات، بۆیە دەچن لە قەڵاکە جەستە بێ گیانەکەی دەردەهێنن و بەدیار چاوی خەڵکەوە لە سێدارەی دەدەن.

سوهرەوەردی، حەبەشی باوکی دەیخاتە حوجرەی مزگەوتەوە، بەڵام هەر زوو زیرەکیی و بەتوانایی ئەم منداڵە دەردەکەوێت، حەزی خوێندن تێیدا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و زیاتر دەبێت، هەربۆیە لە تەمەنی 10 ساڵیدا باوکی دەینێرێت بۆ شاری مەراغە و لەوێندەر لەسەر دەستی شێخ  مەجدین جیلی فێری قورئان و حەدیس دەبێت و یاساکانی نەحو و سەرف فێر دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک و کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای مەعریفەت بۆ ئەم منداڵە 10 ساڵەیە.

دوای ئەوەش زانا و بیرمەندی ئیسلامی شێخ فەخرەدینی ماردینی دەبینێت، لەسەر دەستی ئەویش فێری زانست و فیکر و فەلسەفە دەبێت و دەرگای هزری فەلسەفی بۆ دەکاتەوە.  

کاروانی خوێندن و زانست و فێربوونی لێرەوە بەتەواوەتی دەستپێدەکات  و دەچێتە ئەسفەهان و حەلەب و دیمەشق و تەواوی وڵاتانی خۆرهەڵات دەگەڕێت و تا دواجار لە شاری حەلەب لە باکووری سوریادا دەگیرسێتەوە.

لێرەش بە فیتی کۆمەڵێک زانای کینە لەدڵ، تۆمەتی دەرچوون لە ئایین و کافریی بۆ دەردەکەن و بە کوشتی دەدەن.

ئاسۆی گشتی فیکری سوهرەوەردیی
دەتوانین بڵێین سوهرەوەردی لە یەک کاتدا عاریف و فەیلەسوفێکی بەتوانا بووە، لە ژیانیدا خۆی بە کۆمەڵێک بابەتی گرنگەوە سەرقاڵ کردووە، لەپێش هەمووشیانەوە مەسەلەی  مادە، بوون، جەستە، وێنە، زەمەن، جووڵە و گۆڕانکاریی، زانستی دەروون شیکاریی، هەروەها باسی مەسەلەی دۆناودۆنکردنی جەستە و رۆحی کردووە و گرنگیی زۆری بە ناخ و جەسەتەی مرۆڤ داوە.  

لە بواری میتافیزیکیشدا گرنگی بە مەسەلەی «تاک و کۆ» داوە.  لە کۆتایی ژیانیشیدا، قسەی تایبەتی هەبووە لەبارەی دوایین پێغەمبەرەوە «خاتم الانبیا‌و» کە ئەمەش تووشی کێشەی گەورەی کرد و نەیارانی زۆر بە خراپی لە دژی بەکاریانهێنا.

هەروەها گرنگیی زۆری بە فیکر و فەلسەفەی پێش خۆی داوە بەتایبەتی ئەفلاتون  و ئەرستۆ و تەواوی فەیلەسووفانی یۆنانی کۆن.

سوهرەوەردی پێی وابوو کە فیکری ئایینی و دونیایی هاوسەنگ بوون، لەهەمان کاتیشدا یەکەم زانا و بیرمەندی ئیسلامییە کە پاش ئەوەی ئیمام غەزالی بەتەواوەتی عەقڵ و فەلسەفەی حەرام کرد و داوایکرد کەس توخنی فەلسەفە نەکەوێت، بەڵام سوهرەوەردی دژی دەوەستێتەوە و دووبارە گرنگی بە فیکر و فەلسەفە دایەوە. لە هەمووشی گرنگتر سوهرەوەردی پێی وابوو راستە عەقڵ گرنگە، بەڵام هەموو شتێکیش نییە و نابێت تەنها پشت بە عەقڵ و ناخی خۆمان ببەستین، بەڵکو دەبێت هەوڵیش بدەین خۆمان فێری شتی نوێ بکەین، ئەوەش لە رێگەی خوێندنەوەوە دەستمان دەکەوێت، هەر ئەمەش وای لێکرد هەم «فیکری باگنی» ئەفلاتونی قبوڵ بێت، هەمیش فیکری مەشائیی «عەقڵانییەت»ی ئەرستۆی قبوڵ بێت.  

لەهەمووشی گرنگتر ئەو تەسەوف و فەلسەفەی تێکەڵ بەیەک کرد و لەمەشدا حیکمەتی ئیشراقی لێ بەرهەمهێنا، کە یەکێکە لە داهێنانە گەورەکانی بواری تەسەوف لە مێژوودا.  

ئەو  زیاتر جەختی لە «نور - رووناکی» ناخی مرۆڤ دەکردەوە، ئەو رووناکییەی کە دەبێتە رۆشنکەرەوەی جەستە و رۆحی مرۆڤ.

حیکمەتی ئیشراق
زۆرجار سوهرەوەردی بە «شێخی ئیشراق» ناوی دەبەن، ئیشراق بە مانا فیکرەییەکەی زیاتر دەچێتە قاڵبی تەسەوف و عیرفانییەوە، جگە لەوەش تەواوی بۆچوونەکانی لەبارەی ئیشراقەوە لە کتێبی «حکمه‌ الاشراق» بە روونی باسکردووە، کە یەکێکیشە لە کتێبە گرنگ و پڕ بایەخەکانی و لەم کتێبەیدا تەواوی فیکرو بۆچوونەکانی باسکردووە، ئێمەش زیاتر پشت بەم کتێبە دەبەستین.

نوور ـ ڕوناکی
سوهرەوەردی باوەڕی تەواوی بە ئیشراق یان  مەسەلەی « نور-  رووناکیی» ناخی مرۆڤ هەبوو. هەر ئەمەش دەبێتە کرۆکی سەرەکی فیکر و فەلسەفەکەی.

حیکمەتی ئیشراق ئاماژەیە بۆ ئەو رووناکییەکەی کە لە ناخی نەفسە مردووەکاندا هەیە و لە رێگەی ئەو رووناکییەشەوە ناخی مرۆڤ رۆشن دەکرێتەوە و دواجاریش دەگاتە دوایین لووتکەی رۆشنایی یان نوری باڵا، ئەوکاتەی کە مرۆڤ لە رێگەی  تێڕامانی رۆحیی و فێربوون و لێکۆڵینەوەوە دەگاتە ئاستی کامڵبوون و تەواوی جەستە و ناخی بەو رووناکییەوە رۆشندەکرێتەوە.  ئەمەش حاڵەتێکی تایبەتە لە عیرفانی خۆرهەڵاتیدا هەیە و هەرکەس و ئایینێک، ناوێکی لەم ئاستە یان قۆناغە ناوە کە مرۆڤ پێی دەگات، بەڵام سوهرەوەردی بە «ئیشراق» وەسفی کردووە، لەلای ئەو، ئەوانەی بەم قۆناغە دەگەن زۆر دەگمەنن.

جێگەی ئاماژەیە لە ئایینەکانی زەردەشتی و بودایی و هیندۆسییەکانیش، باسی ئەم ئاستەی مرۆڤ دەکەن و بە دوایین حیکمەت و تێگەیشتنی مرۆڤی دادەنێن، لای بودییەکان حاڵەتی نیرفانای پێیدەڵێن و هیندۆسییەکان «سامادیی» پێدەڵێن، کە مانای گەیشتنە بە دوایین قۆناغیی عیرفانیی و بەهای باڵا. ئەمەش یەکێکی ترە لە کاریگەرییەکانی هزر و فیکری خۆرهەڵاتی بەسەر سوهرەوەردیییەوە.

رووناکی‌و تاریکی
سوهرەوەردی پێیوابوو کە رووناکی سەرچاوەی سەرەکی هەموو بوون و مەعریفەیەکە و لە هەمان کاتیشدا  ئەسڵی هەموو شتێکە. ئەمەش بە جەدەلیەتی « رووناکیی  و تاریکی» دەبەستێتەوە، هەرئەمەش دەبێتە کرۆکی سەرەکی بیرکردنەوە و نووسین و تێڕامانەکانی.   

عەقڵی نەمرو ڕوناکی
سوهرەوەردی  قسەی لە بارەی عەقڵی نەمر و رووناکییەوە کردووە، ئەو پێی وابوو کە مەشخەڵی ئاگری هەقیقەت کاتێک لە ناخی مرۆڤێکدا دادەگیرسێت، کە ئیتر بە تەواوەتی گەیشتبێتە لوتکە و کەماڵی خۆی، ئەمەش تەنها لە دەستەبژێرێکی کەمی زانا و عاریفەکاندا دەردەکەوێت، کە پێغەمبەری ئیسلام بەم حاڵەتە گەیشتووە.

عەقڵی سوور
چەمێکی تر کە سوهرەوەردی دایهێنا (عەقڵی سوورە)، لەمەشدا مەبەستی لەو عەقڵەیە کە پەیوەندیی بە مێژووەوە هەیە و لە رووداوە مێژووییەکاندا گەشە دەکات، پێشی وایە کە رەنگی «سوور»  لە دەرەنجامی تێکەڵاوبوونی رەنگی رەش و سپی دروستبووە. ئەو عەقڵەی کە مرۆڤ هەیەتی، رەنگی سپیی و نورانییە، بەڵام کاتێک ئەم عەقڵە دەکەوێتە ناو دۆڵی تاریکیی رەش و دۆزەخی مێژوو، ئەم عەقڵە سپییە دەگۆڕێت بۆ عەقڵێکی سوور.  دیارە لەمەدا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی فیکری ئەفلاتون، چونکە ئەو پێی وابوو مرۆڤ دەتوانێت لەناخی خۆیدا بە دوای وەڵامی هەموو پرسیارەکاندا بگەڕێت و دەستی دەکەوێت.

جێگەی ئاماژەیە یەکێک لە کتێبە باشەکانیشی بە ناونیشانی « عەقڵی سوور»ە. لەم کتێبەدا بە تەواوەتی شرۆڤەی ئەم چەمکەی کردووە، کە بە یەکێک لە چەمکە تەسەوفە گرنگەکانی سوهرەوەردی دادەنرێت.

جەستە
بابەتێکی گرنگی تر کە سوهرەوەردی قسەی لە بارەوە کردووە مەسەلەی جەستەیە، سوهرەوەردی پێی وابوو کە جەستە  لە دوو رەگەزی سەرەکی پێکدێت» کرۆک و شێوە» ئەم دوو رەگەزەش جەستەیەکی سروشتی دروست دەکەن، ئەم دووانەش لە مادە و جەستەی فێرخواز دروست دەبێت. پێشی وابوو کە جەستە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە هەستی پێدەکەین، ئەوەشی لە رێگەی هەستەوەرەکانەوە هەستی پێناکەین، لای ئەو گرنگ نەبوون.

هەر لە هەمانکاتیشدا ئەو پێی وابوو ئەو وێنەیەی کە ئێمە لە بارەی شتێکەوە دەیبینین ئەوە تەنها شکڵی شتەکەیە، ئەو بە وێنەی جەستەیی ناوی دەبات.  هەربۆیە لای ئەو جەستە لە کرۆک و شێوە پێکهاتووە، ئەمانەش گوزارشت لە فیکریی هیولیی و فیکری فێرخوازیی دەکاتەوە. «هیوالی چەمکێکی ئەرستۆیە بۆ پێناسەکردنی شتێک، کە زیاتر مانای شێوە یان مادە دەگەیەنێت، بە یەکێکش لە چەمکە گرنگەکانی فیکر و فەلسەفەی ئەرستۆ دادەنرێت». لەمەدا زیاتر سوهرەوەردی کەوتۆتە ژێر کاریگەریی فیکری ئەرستۆوە.

بینینی شتەکان
لەبارەی هەستی بینینی شتەکانیشەوە سوهرەوەردی خاوەنی تێزی خۆیەتی، ئەو پێی وابووە بینین رووناکییەک نییە کە لە چاوەوە دەربچێت، وێنەیەکەیش نییە کە لە چاوەوە کێشرا بێت، کاتێک مرۆڤ شتێکی دەرەکی دەبینێت، لە ناخیدا  کە ئەو ناوی لێناوە « نەفسی ناگق، نەفسی بگۆ» بۆچوونی پێشوەختی خۆی لەبارەی ئەو شتەوە هەیە. هەربۆیە دەڵێت: «ئەو شتەی کە ئێمە لە جیهانی دەرەکی دەیبینین، جیاوازە لەو بینینەی کە لە ناخماندا دەیبنین، چونکە هەریەکەیان جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوەی کە ئێمە لە جیهانی دەرەوە دەیبینین، گوزارشت لە شکڵی دەرەکیی شتەکان دەکات، بەڵام ئەوەی تریان لە رێگەی پەیوەندییکردن بە رۆحەوە دەستمان دەکەوێت.  

جوڵەو گۆڕانکاریی
سوهرەوەردی یەکێکە لەو فەیلەسوفە دەگمەنانەی خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامی کە باسی جووڵە و گۆڕانکاریی کردووە، کە ئەم دوو پرسەش بە دوو پرسی گرنگی فیکر و فەلسەفە دادەنرێت و زۆرکەم کەس قسەی لەبارەوە کردووە. سوهرەوەردی  پێی وایە گۆڕێنی وێنەی سەرەکی شتێک کاتێک بۆ وێنەیەکی تری سەرەکی یان جەوهەریی، کارێکە گوزارشت لە رۆحی بەرگریی  ئەو شتە دەکات، هەروەها پێی وابوو کاتێک رەگەزێک دەگۆڕێت بۆ رەگەزێکی تر، دەبێت ئەو رەگەزە لە بنەمادا قابیلیەتی گۆڕانکاریی تێدابێت.

زانستی دەرونناسیی
خاڵێکی گرنگی تر کە سوهرەوەردی کاری لەسەرکردووە و لەچاو زانا و فەیلەسوفانی تری خۆرهەڵاتی پێشەنگ بووە، قسەکردن بووە لەبارەی دەروون و ناخی مرۆڤ کە پاشتر بە زانستیی دەرووناسی دەناسرێت. ئەو لەم بوارەدا کۆمەڵێک شیکاریی زۆر وردی هەیە. لەبارەی ناسینی ناسنامەی مرۆڤەوە، سوهرەوەردی دەڵێت:  «مرۆڤ ناتوانێت ناسنامەی خۆی ئاشكرا بکات لە رێگەی بەهای باڵاو وێنەوە، چونکە هیچ کام لەو دووانە  جا گشتی بن یان تاک بن، یان بابەتیی بن یان دەرەکیی،  لە ناسنامەی مرۆڤەوە  دوورن و  نامۆن پێی و ناشبنە سەرچاوەی ویژدان یان (من) ی مرۆڤ.

ئەمەش بەتەواوەتی لەکتێبی (کتاب التلویحات)  ئەم باسە دەروونانیانەی کردووە.  لەم بارەیەوە دەڵێت: «من کاتێک سەیری خۆم دەکەم، تەنها بوونی خالیس و  خۆپەرستی خۆم دەبینم.

ئەو پێشیوایە مرۆڤ کاتێک دەتوانێت بە تەواوەتی ناخیی خۆی ببینێت، تەنها لەرێگەی چاودێرییکردن و کۆنترۆڵکردنی حەز و هەوەسەکانی نەفسییەوە دەبێت. پێشیوایە کە نەفس شتێکە توانای  قسەکردنی هەیە و بگۆیە، ئەوەش لە دەرەوەی ئەوەوەیە، گوزارشت لە بوونێکی پوخت و خودی تایبەتی دەکات.

هەروەک پێیوایە کە نەفسی ناتیق «بگۆ» خەلیفەی خودایە لەسەر زەویی، نەفسیش لە عەقڵی گشتی دروست دەبێت و پەیوەندییەکی سەربەخۆی لەگەڵ بەشەکانی تری جەستەدا هەیە.

ئەو پلەیەکی باڵای هەیە لەناو جەستەی مرۆڤدا و بەشەکانی تری جەستەش رووناک دەکاتەوە، دیارە لەبارەی ناسینی ناخی مرۆڤەوە زۆر شتی تری وتوە کە لێرەدا تەنها ئاماژەمان بە هەندێکیان کرد.

زیندوکردنەوەی فیکرو فەلسفە لەناو جیهانی ئیسلامییدا

یەکێک لەخاڵە هەر گرنگەکانی سوهرەوەردی ئەوەیە، کە دووبارە فەلسەفەی گەڕاندەوە بۆ ناو فیکری ئیسلامی، لەپاش ئەوەی ئیمام غەزالی بەتەواوەتی فەلسەفەی حەرام کرد و داوای لە زانایانی ئایینی کرد کە خۆیان لە فەلسەفە بەدوور بگرن، هیچ زانایەکی ئیسلامی نەیوێرا خۆی لە قەرەی فەلسەفە بدات، بەڵام سوهرەوەردی دەستی بە کڵاوەکەی خۆیەوە نەگرت و بەرەو بای فەلسەفە رۆیشت، ئەو دووبارە خۆی بە فەلسەفەوە خەریکردەوە بەتایبەتی فەلسەفەی یۆنانی لەپێش هەمووشیانەوە ئەفلاتون و ئەرستۆ. ئەمەش بە بڕوای زۆرێک لە مێژوونوسان بە گرنگترین کاری سوهرەوەردی دادەنرێت، هەرچەندە  لەبەر ئەم کارەشی بوو بە قوربانی لەلایەن هەڵگرانی فیکری دواکەوتوویی و خێڵی بەغیلانەوە گەلەکۆمەکەی لێکرا و لە کۆتاییدا سزای مەرگیان بەسەردا سەپاند.

تێکەڵکردنی فەلسەفەو عیرفان
خاڵێکی جوان‌و داهێنەری تری سوهرەوەردی  ئەوەیە کە ئەو فەلسەفە و عیرفانی تێکەڵ بە یەکتری کرد، راستە پێشتر چەند هەوڵێکی زۆر درابوو لەلایەن فارابی و  ئیبن سیناوەو فەلسەفەی ئیشراقییان گەیاندبووە ئاستێکی باش، بەڵام  کەسیان ئەو ئازایەتییەی ئەویان نەبوو بە ئاشكرا ئەم کارە بکەن. وەکو ژنە نووسەری عەرەبیش ئینعام حیدورە لە پێشەکی کتێبی « حکمه‌ الاشراق» دا دەڵێت: کاتێک سوهرەوەردی هات، توانی گەشە بە حیکمەتی ئیشراق بدات، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی سروشتی بوو لەبارەی فەلسەفە و تەسەوف. هەروەها ئەو توانی پەیڕەوی دڵ و چاوی باتنی، لەگەڵ پەیڕەوی عەقڵ و تێڕوانین و ئیستدلال تێکەڵ بکات، لەم دوووانەش «حیکمەتی ئیشراق»  دروست بکات.

دابەشکردنی مرۆڤ بۆ سێ بەش
سوهرەوەردی مرۆڤی بۆ سێ جۆری تایبەت و جیاواز لە یەکتریی دابەشکردووە کە ئەوانیش بریتین لە :
-1 مرۆڤی عەقڵانیی
-2مرۆڤی نەفسانیی
-3 مرۆڤی جەستەیی

پێشیوایە کە پەیوەندیی نێوان ئەم سێ جۆرە یان جیهانە وەکو پەیوەندیی نێوان سێبەرێکە بە سێبەرێکی ترەوە، هەربۆیە هەموو ئەو هێزانەی کە پەیوەندییان بە جەستەی مرۆڤەوە هەیە، تەنها بریتین لە تارمایی و گوزارشت لە پێگەی بەرزخی مرۆڤ دەکات» بەرزخ  چەمکێکی ئاینییە کە زیاتر مانای ئەو قۆناغە دەگەیەنێت لە نێوان ئەم دونیا و ئەو دنیا، ئەمەش زیاتر لەناو فیکری شیعە مەزهەبەکاندا هەیە».

کاریگەریی فیکری یۆنانی بەتایبەتی ئەفلاتون و ئەرستۆ
سوهرەوەردی بە قسەی فەتواکەی غەزالی نەکرد و لە ژیانیدا خۆی بە خوێندنەوەی فەلسەفەی یۆنانی کۆنەوە سەرقاڵ کرد، بەتایبەتی کارەکانی هەردوو فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون و ئەرستۆ، سوودی زۆریشی لە کارو بەرهەمەکانی ئەم دوو کەڵە فەیلەسووفە وەرگرتووە.

ئەفلاتون کاریگەری گەورەی بەسەرییەوە  هەبوو بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە « رووناکی ناخی مرۆڤەوە هەیە» خۆشی نکوڵی لەم کاریگەرییە نەکردووە. هەروەکو ژنە نووسەری عەرەب ئینعام حیدورە-ش دەڵێت: «راستە سوهرەوەردی بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە فەلسەفییەکان زیاتر  پشتی بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز دەبەست، بەڵام لە هەمانکاتیشدا پشتی  بە وانە و هەڵوێستە ئەکادیمییەکانی ئەفلاتونیش دەبەست».

سوهرەوەردی پێشی وابوو کە ئەفلاتون ئیمامی حیکمەتە و خاوەنی رووناکییە «نوورە»، هەر ئەویش خاوەنی حیکمەتی زەوقییە.

لەبارەی ئەرستۆشەوە، سوهرەوەردی پێیوابوو کە ئەرستۆ بەتەنها گوزارشت لە فەلسەفە ناکات، چونکە فەلسەفە مانای گەڕان و لێکۆڵینەوە بەدوای هەقیقەت دەگەیەنێت لەهەر شوێنێک بێت. بەڵام لە هەمان کاتشدا زۆر هۆگری کار و بەرهەمەکانی ئەرستۆ بوو، تەنانەت جارێکیش لە خەونیدا ئەرستۆ دەبینێت و دەکەوێتە مشتومڕ لەگەڵیدا بەتایبەتی لەبارەی زانست و زەحمەتی لە تێگەیشتن لێی، ئەرستۆش فەرمانی پێدەکات کە  تێزەکانی ئەفلاتون بخوێنێتەوە، چونکە پێیوابوو پێویستە مرۆڤ بۆ ناخی خۆی بگەڕێتەوە لەوێوە بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا بگەڕێت  و پشت بە زانستی ناخیی ببەستێت کە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی درککردنی مرۆڤ.

جگە لەم دووانەش زۆر ستایشی فەیلەسوفانی تری یۆنانی کردووە و پێیوایە کە  زانستی «مەنتیق» سەرچاوە سەرەکییەکەی  یۆنانە و لەوێشەوە خۆرهەڵات فێری ئەم زانستە بووە. پێشی وابوو کە فەیلەسوفی یۆنانی هرمس باوکی هەموو حەکیمەکانە و ئەمبادوفلیس و فیساگۆرسیش، لە ئەفسانە مەزنەکانی حیکمەتی جیهانن.

کاریگەریی فەلسەفەی ئێرانیی و زەردەشتی
خاڵێکی تر کە زۆر لە مێژوونوسان باسی لێوەدەکەن، ئەویش کاریگەریی فکیرو فەلسەفەی زەردەشتییە بەسەر سوهرەوەردییەوە، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بۆ ماوەیەک لای یەکێک لە موغە زەردەشتییەکان  وانەی عیرفانییەتی خوێندووە. ئەمەش لە زۆر فیکر و مەعریفەکانیدا رەنگیداوەتەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە مەسەلەی «رووناکیی و تاریکیی، دۆناودۆنکردنی رۆح و گەیشتن بە دوایین قۆناغی عیرفانییەت کە ئیشراق»ە.

هۆکاری سزادانی‌و کوشتنی
لەبارەی هۆکاری سزادن و پاشان  دەرکردنی فەرمانی کوشتنی لەلایەن سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی، کۆمەڵێک قسەوباسی جیاواز هەیە.  هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونە تایبەتییە فیکریی و فەلسەفییەکانی سوهرەوەردیی، لەوکاتەدا ئەو بۆچونانەی ئەو ببوونە مایەی بێزاریی لای زۆربەی پیاوانی ئایینی، ئەو شتانەی کە ئەو باسی لێوە دەکرد، شتێکی نامۆ بوو بە کۆمەڵی  ئەوکاتە، ئەم سەرچڵییە فیکریانەش بوونە هۆی  دروستکردنی بەرەیەکی گەورەی دوژمنکاری بۆی کە زانایانی ئایینی پێشڕەوییان دەکرد.

هۆکارێكی تریش دەگەڕێتەوە بۆ رق و کینە و ئێرەیی پێبردن کە وەکو پیرەمێردی نەمر ناوی لێناون »خێڵی بەغیلان» ئەمانە رقیان لە سوهرەوەردیی دەبۆوە، چونکە کەسێکی بەتوانا و بلیمەت بوو، هەوادارێکی باشی هەبوو، بەتایبەتی لەناو گەنجاندا، هەروەها لەلای فەرمانڕەواکانیش خۆشەویست بوو، بۆ نموونە زاهیر شای کوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبیی زۆر رێزی دەگرت و ئەوی بە مامۆستا  و پیاوێکی بلیمەت  و زیرەک دادەنا، ئەمەش بە دڵی ئەو کۆمەڵە زانا ئایینیانە نەبوو، کە دەیانویست تەنها خۆیان لە کۆشكی پادشا بن و خەڵكی تر نەیەت.

لایەنێکی تر پەیوەندیی بە سیاسەتیی ئەوکاتی دەوڵەتی ئەیوبییەوە هەبوو، لەوکاتەدا سەڵاحەدینی ئەیوبی لە جەنگێکی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکییدا بوو. لە ناوخۆدا دژی هەموو شیعە مەزهەبەکانی خۆرهەڵات دەجەنگا، لە دەرەوەش دژی دەوڵەتە مەسیحییە ئەوروپییەکان و رووبەڕووی هێرشی «خاچپەرست!»ان ببۆوە. شاری حەلەبیش شارێکی سەرسنوور بوو، سەلاحەدینی ئەیبویش نەیدەویست زانا و پیاوە ئاینییەکانی لێ تووڕە ببێت، دەیویست ئەوان پشتگیریی تەواوی بکەن بۆ ئەم جەنگە نەبڕوانەی لە دژی شیعە مەزهەبەکان و خاچپەرستەکان لە ئارادابوو.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا فەرمانی کوشتنی، کارێکی خراپ بوو زەرەری گەورەی لە فیکر و فەلسەفەی ئیسلامی داوە، جگە لەوەش خاڵێکی ناشیرین و قێزەونی بۆ ساڵانی فەرمانڕەوایی سەڵاحەدینی ئەیوبی دروستکردووە.

کتێب‌و بەرهەمەکانی
سوهرەوەردیی لەپاش خۆی کۆمەڵێک بەرهەمی فیکریی و ئەدەبیی گەورەی بەجێهێشتووە، نزیکەی 50 کتێب و دەستنووی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، بە هەردوو زمانی فارسیی و عەرەبی نووسیویەتی. بەداخەوە هیچ دەستنووسێکی بە زمانی کوردی نییە، ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی سەرچاوەکان بەتایبەتی فارسییەکان باس لە کوردبوونی ئەم فەیلەسوفە دەکەن.

بەگشتی بەرهەمەکانی باس لە عیرفان و تەسەوف و فیکر دەکەن، بەتایبەتی دوایین بەرهەمەکانی لەپێش هەمووشیانەوە «حیکمەتی ئیشراق» ، بە یەکێک لە کتێبە بەهێزەکانی دادەنرێت. هەرچەندە خۆی داوایکردووە ئەم کتێبە بۆ دەستەبژێر بێت و کەسیک کتێبەکانی پێشتری نەخوێندبێتەوە، ئەم کتێبەش بخوێنێتەوە لێی تێناگات، یان لە مانای کتێبەکە تێناگات.  

دەرئەنجام
بەدڵنییایەوە ئەمڕۆ لەجیهاندا گرنگی زۆر بە فیکرو فەلسەفەی ئەم کەڵە فەیلەسووفە دەدرێت و خۆشبەختانەش لەناو کۆمەڵی کوردەوارییدا بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا، خەڵکانێکی زۆر خۆیان بە فیکر و فەلسەفەی سوهرەوەردییەوە سەرقاڵکردووە، بەدوای کتێب و بەرهەمەکانیدا دەگەڕێن، ئەمەش گوزارشت لە راستیی و دروستی بۆچوونەکانی سوهرەوەردی دەکات، چونکە ئەمڕۆ کەس جەلادەکان، یان ئەو زانا ئاینییانەی کە دژی دەوەستانەوە و پیلانیان لە دژی دەگێڕا ناناسێت و مێژوو ناوی ئەوانەی تۆمار نەکردووە، تاکە ناو کە هێشتا بە رووناکیی و نەمریی ماوەتەوە، سوهرەوەردیی عاریف و فەیلەسوفە.

لەهەمانکاتیشدا هیوادارم ئەزموونی سزادان و کوشتنی سوهرەوەردیی ببێتە ئەزموونێکی باش بۆ دەسەڵاتی کوردیی بۆئەوەی ئەو هەڵەیەی سەڵاحەدینی ئەیوبی دووبارە نەکەنەوە، چونکە هیچ کاتێک دەسەڵاتداران چەندە بەهێزیشبن ناتوانن ئازادیی خەڵکی بەتایبەتی نووسەران لەناوبەرن و نووسین و بەرهەمە فیکرییەکانیان بسووتێنن، چونکە فیکر تاکە شتە کاتێک چووە سەر کاغەز، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیسڕێتەوە.

دیارە  قسەکردن لەبارەی  عاریف و فەیلەسوفێکی مەزنی وەکو سوهرەوەردی  زۆری دەوێت، من تەنها لەرێگەی ئەم وتارەوە دەمویست تیشکێک بخەمە سەر فیکرو فەلسەفەی ئەم کەڵە فەیلەسوفە مەزنەی کورد و خۆرهەڵات و جیهان، بەو هیوایەی خوێنەرانی کورد، بەرچاوڕوونییەکی باشیان هەبێت لەبارەی ئەم فەیلەسوف و عاریفە گەورەیەوە.

سەرچاوەکان :
-1شهاب الدین  السهروردي. حکمة الاشراق. مراجعة و تقدیم: إنعام حیدورة. دار المعارف الحکیمة. 2010
-2المنطق الإشراقي عند شهاب الدين السهروردي، محمود محمد علي. دار مصر العربیة للنشر و التوزیع.1999
-3محمود محمد علي. السهروردي المقتول.. رائد المنطق الإشراقي.
 www.almothaqaf.com
-4یەحیا یەسریبی. قەلەندەرو قەڵا. وەرگێرانی لە فارسییەوە : ئازاد بەرزنجی. ناوەندی غەزەلنوس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. 2021